لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق: مالیکی فەرمانی داوە تەقە لە خۆپیشاندەران بکرێ

بەغدا-KDP.info- ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق(فایق ئەلشێخ)، (نووری مالیکی) بە هاندانی هەندێ لە شوێنکەوتووانی بۆ هەڵگرتنی چەک و تەقەکردن لە خۆپیشاندەران تۆمەتبار دەکات و جەختی کردەوە، (مالیکی) قازانج لە مانەوەی ئەنجوومەنی کۆمسیاران و یاساکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن دەکات.
لیژنەی شارەزایانی پەرلەمانی عێراق بڕیاری داوە، ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دیاری بکات تا کۆمسیۆنی نوێی هەڵبژاردن پێک بێت.
لە بەیاننامەیەکی لیژنەکەدا هاتووە، پێوەر و ڕێوشوێنە پێویستەکان بۆ دیاریکردنی بەربژێری نوێ پەسند کراوە، هەروەها لیستێکی تایبەت بە بەربژێرەکان ئامادە کراوە تا لەم چەند ڕۆژەی دابێ، دەرگای خۆپاڵاوتن بەڕوویاندا بکرێتەوە. هاوکات وادەی خۆپاڵاوتن و دیاریکردنی ئەندامانی نوێ لە کۆبوونەوەی داهاتووی لیژنەکەیان بڕیاری لێ دەدرێ.




