٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەلی تەتەر: كلیلی چارەكردنی كێشەكان لای یەكێتییە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  ئەندامێكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، لەگەڵ یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لێكتێگەییشتنی باش هەیە و، سەركردایەتیی یەكێتی بە هەموو باڵەكانیەوە پێشوازی لە دەستپێشخەرییەكەی پارتی بۆ چارەكردنی كێشەكان كردووە؛ دەشڵێ: "ئێستا كلیلی چارەكردنی كێشەكان لای یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانە."

(د. عەلی تەتەر)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "تا ئێستا كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان بۆ دەربازكردنی ئەم قۆناغە ئیجابی بوون و لێكتێگەییشتن لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستاندا هەیە، دیارە كە پێشتر پارتی و یەكێتی لە زۆر وێستگەدا پێكەوە بەرگرییان لە كوردستان كردووە، بە تایبەتی دوای ئازادكردنی عێراق و رێككەوتنی ستراتیژیی نێوان هەردوو حزب لە بەرژەوەندیی میللەتی ئێمەدا بووە، هەر كاتێك رێككەوتن لە نێوانی پارتی و یەكێتیدا هەبوو بێت، كورد یەكدەنگتر بووە و لە بەغدایش بەهێزتر بووە، لایەنەكانی دیكەیش كە دەبینن پارتی و یەكێتی رێكن، ئەوانیش دێنە نێو رێككەوتنەكەوە".

دەربارەی ڕێككەوتن و هێنانەكایەی یەكهەڵوێستییش بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە و چارەكردنی كێشە نێوخۆییەكان، ئەندامەكەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی جەخت دەكاتەوە لەوەی كە، كلیلی چارەكردنی كێشەكان لای یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانە، "ئەگەر یەكێتی بە دڵ و گیان بێتە پێشەوە بۆ چارەكردنی كێشەكان و قەیرانی سیاسی لە هەرێمی كوردستان، ئێمە ئەو باوەڕەمان هەیە لایەنە سیاسییەكانی دیكەیش ئامادە دەبن و كێشەكان چارە دەكرێن."
(تەتەر) گوتیشی: "راستە لە ئێستادا یەكێتی ناوەندێكی بەهێزی بڕیاری نییە، ئەوەیش بۆ ئێمە جێگەی داخە، بەڵام ئەگەر یەكێتی خاوەنی ناوەدێكی بڕیار بووایە بێگومان بۆ ئەوان و بۆ ئێمەیش زۆر ئاسانتر دەبوو بگەینە ئەنجامێك، بە شێوەیەكی گشتی سەركردایەتیی یەكێتی بە هەموو باڵەكانیەوە لێكتێگەییشتنی باشی هەبووە و پێشوازییەكی باشی لە هەوڵەكانی پارتیمان كردووە، لە هەنگاوی یەكەمدا ئێمە دەمانەوێ لەگەڵ یەكێتی بگەینە رێككەوتن بۆ چارەكردنی ئەم رەوشە و دواتر لەگەڵ لایەنەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان."

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار