سیروان ئەحمەد: مەبەست لە هەڵوەشاندنەوەی کۆمیسیۆن بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکانە

بەغدا -KDP.info- ئەندامێکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، مەبەستی خۆپێشاندەران بۆ ھەڵوەشاندنەوەی کۆمیسیۆن، وەدواخستنی هەڵبژاردنەکانە.
ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، (سیروان ئەحمەد)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ڕەخنەکانی خۆپێشاندەران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان و داوای هەڵوەشاندنەوەی کۆمیسیۆن زۆر ناڕەوایە. چونکە ئامانجی ئەوان لەو داواکارییە بۆ دواخستنی ھەڵبژاردنەکانە، لەبەر ئەوەی ناتوانن ڕاستەوخۆ بە خەڵکی خۆیان بڵێن ناتوانین ھەڵبژاردن بکەین، ئەوجۆرە ڕێیانە دەگرنەبەر، چونکە لادانی کۆمیسیۆن واتە بەڕێوەنەبردنی ھەڵبژاردن. کە کۆمیسیۆن نەما چۆن دەتوانن لە ماوەی چەند مانگێگدا کۆمیسیۆنێکی دیکە دروست بکەن.''
(سیروان ئەحمەد) گوتی: ''ئەگەر ئەوان باسی ساختەکاری لە ھەڵبژاردندا دەکەن، بۆچی نزیکەی سێ ساڵە باسیان نەکردووە، کەچی ئێستا باسی دەکەن؟ دیارە ئێستا ئەمەیان کردووەتە بیانوو بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنەکان بەڕێوەنەچێت.''
(سیروان ئەحمەد) ڕوونی کردەوە: ''ئێمە وەکو کۆمیسیۆن، ھەموو ئامادەکارییەکمان کردووە و ئامادەین لەکاتی خۆیدا ھەڵبژاردنەکان بەڕێوەببەین و هیچ گرفتێکمان نییە.''
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق گوتیشی: ''بۆ بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردن لە کەرکووک پێویستە پەرلەمان یاسایەکی تایبەت دەربکات، ھەرکاتێک پەرلەمان یاسا تایبەتەکەی دەرکرد، ئێمە ئامادەین لە کەرکووکیش ھەڵبژاردن بەڕێوەببەین.''
بڵند ئیبراھیم




