حكوومەتی هەرێم ٦٠٠ ملیۆن دینار بۆ دەستپێكردنەوەی قەرزی بچووك تەرخان دەكات
_-_Copy__2017_02_12_h18m13s30__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران لەڕێی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتییەوە ٦٠٠ ملیۆن دینار بۆ دەستپێكردنەوەی قەرزی بچووك تەرخان دەكات و، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتیش دەڵێ، جگە لەو قەرزەی حكوومەت، ڕێكخراوێكی بیانیش، قەرزی بچووك بۆ پەنجا پڕۆژە تەرخان دەكات.
(هەمزە مەغدید)، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی كار و كاروباری کۆمەڵایەتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''دوای هاتنی قەیرانی دارایی، حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێدانی قەرزی بچووكی ڕاگرت، بەڵام دواتر وەزیری كاروباری کۆمەڵایەتی چەندین جار داوای دەستپێکردنەوەی قەرزەكەی لە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی كوردستان كرد و، وەزارەت داوای تەرخانكردنی ٣٠٠ ملیۆن دیناری بۆ هەرمانگێگ كردبوو، تا پێدانی قەرز بەردەوام بێت، بەڵام سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران داوای ڕوونكردنەوەی لە وەزارەتی دارایی كرد، بۆ ئەوەی بزانێت توانای حكوومەت بۆ دەستپێکردنەوەی قەرزی بچووك، چەندەیە.''
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی کۆمەڵایەتی گوتی: ''وەزارەتی دارایی بە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی ڕاگەیاندووە، کە دەتوانێ بۆ هەرچوار مانگ بڕی ٦٠٠ ملیۆن دیناری عێراقی بۆ وەزارەتی كاروباری کۆمەڵایەتی خەرج بكات، بەڵام هێشتا بڕیاری كۆتایی بۆ دەرنەچووە. چاوەڕێ دەكەین بڕیاری خەرجكردنی ئەو پارەیە بدرێت و ژمارەیەك هاووڵاتی لە وەرگرتنی قەرزی بچووك سوودمەند بن.''
(هەمزە مەغدید) دەشڵێ: ''قەرزەكە بۆ ٥٥ پڕۆژەی بچووكە و هەر هاووڵاتییەك مەرجی كردنەوەی پڕۆژەی بچووكی هەبێت، دەتوانێ داواكاری پێشكەش بكات و بەگوێرەی پڕۆژەكە لە پێنج ملیۆن دینارەوە تا پازدە ملیۆنی پێ دەدرێت. هەروەها ئێمە لەگەل ڕێكخراوێكی بیانی لەسەر خەتین بۆ ئەوەی ئەوانیش قەرزی بچووك بۆ پەنجا پڕۆژەی دیكە تەرخان بكەن، ئەوەش دەبێتە هۆكارێكی باش بۆ ئەوانەی دەیانەوێ پڕۆژە دابنێن و توانای داراییان نییە.''
قائید میرۆ




