عەلی عەونی: له پڕۆژهكهی پارتیدا دۆڕاو نییه

سۆران-KDP.info- (عەلی عەونی) ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، لایەنەكان پێیان وایە سەركەوتنیان لە دۆڕاندنی ئەوی دیكەدایە و گوتی، ''تەنیا پارتی بیر لەوە دەكاتەوە، كە دەبێ هەموومان ببەینەوە، نەك تۆ بدۆڕێی، بۆ ئەوەی من ببەمەوە.''
(عەلی عەونی)، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''پاش دەستپێشخەرییەکەی (سەرۆك بارزانی)، حزب و لایەنەكان هیچ شتێكیان نەماوە، هەموو بابەتەکان خراونەتە بەردەمی لایەنەكان. ههڵبهت دەركەوت موزایەدەی هەڵبژاردن خراوهته نێو گفتوگۆكانهوه. ئێستا هەركەس و لایەنێك پێی وایە سەركەوتنی ئەو لە دۆڕاندنی ئەوی دیكەدایە، ئهوه پارتییه بیر لەوە دەكاتەوە كە دەبێ هەموومان ببەینەوە، نەك تۆ بدۆڕێی، بۆ ئەوەی من ببەمەوە. بۆیە پارتی بە هیچ شێوەیەك لە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆكی هەرێم پاشگەز نەبووەتەوە. پارتی تۆپەکەی خستووەتە مەیدانی لایەنەكانەوە، پارتی پڕۆژەی خۆی داوەتە ئەوان، بەڵام ئەوان هیچ پڕۆژەیەكیان پێ نییە.''
هاوكات لهبارهی پڕۆژەکەی هاوپەیمانیی نیشتمانیی عێراقییهوه (عەلی عەونی) گوتی: ''پڕۆژەکەی هاوپەیمانیی نیشتمانی، پڕۆژەیەكی فاشیلە بۆ چەسپاندن و قووڵكردنەوەی دەسەڵاتی تاك لایەنیی شیعە، لەوە زیاتر هیچ شتێكی تێدا نییە. ئەوان، خۆیان بوونەتە هۆكاری ئەوەی کە عێراق لەسەر بنەمای تەوافق بەڕێوە نەچێت. ئەوان بوودجە و مووچەی خەڵكی هەرێمی كوردستانیان بڕی و، لەشكریان ناردە سەر ئێمە و، وەزیرەكانی ئێمەیان دوور خستەوە. ئەوان، سیستەمی عێراقیان لە تەوافقەوە بەرەو زۆرینە و كەمینە برد. ئەوان، یاری بە ئاگر دەكەن و هۆكارن بۆ هەڵوەشانەوەی عێراق، ئێستا عێراق بەرەو هەڵوەشانەوە دەچێت، بڕیار نییە ئێمە هەمووكاتێك مەشغووڵی دروستكردنی عێراق بین و، هەرکاتێکیش بەهێز بوو، لێمان بدات. ئێمە هیچ شتێكمان لەگەڵ عێراق نەماوە، جگە لە مانەوەی هەندێك پەرلەمانتار، كە هەرشتێك بكەوێتە دەنگدانەوە ئێمە دەیدۆڕێنین، ئێمە بۆ كێ لەوێین؟ بۆیە باشترین چارەسەر ئەوەیە سەربەخۆییی خۆمان ڕابگەیەنین.''
ڕابین شێروانی




