هۆزە عەرەبەكانی نەینەوا، تۆمەتەكانی ئەلتیباوی دژ بە پێشمەرگە، ڕەت دەكەنەوە

مووسڵ-KDP.info- هۆزە عەرەبەكانی پارێزگای نەینەوا، لە بارەی تۆمەتەكانی یەكێك لە سەركردەكانی عەسایبی ئەهلولحەق (جەواد ئەلتیباوی) دژ بە هێزەكانی پێشمەرگە، لە ڕاگەیێنراوێكدا دەڵێن: "بەڵگەی تەواومان لایە كە (15) كەسایەتی لە سەركردەكانی داعش لە بەغدان و لە ژێر پاسەوانیی عەسایبی ئەهلولحەق و (جەواد ئەلتیباوی)ـن".
گوتەبێژی هۆزە عەرەبەكانی پارێزگای نەینەوا (مەزاحم ئەحمەد ئەلحوێت)، لە ڕاگەیێنراوێكدا كە وێنەیەكی دراوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕایگەیاند: "تۆمەتەكانی (جەواد ئەلتیباوی) سەركردە لە عەسایبی ئەهلی حەق و هاوپەیمان لەگەڵ (مالیكی) كە پارێزگاكانی سووننەنشین و مووسڵی فرۆشت بە تیرۆرستانی داعش، بەرامبەر پاراستنی پارێزگاكانی باشوور بێ دەستلێدانی ئێران، دژ بە هێزەكانی پێشمەرگەی قارەمان كە خوێنیان بەخشیوە، ڕەت دەكەینەوە".
هەر لە ڕاگەێینێنراوەكە گوتەبێژی هۆزە عەرەبەكانی پارێزگای نەینەوا دەشڵێت: "ئەمڕۆ (ئەلتیباوی) هێرش دەكات و تۆمەت دەداتە پاڵ هێزەكانی پێشمەرگەی قارەمان و، هێزەكانی پاراستنی نەینەوا و تۆمەتباریان دەكات بەوەی هاوكاریی داعش دەكەن، ئێمەیش وەكو هۆزە عەرەبەكانی پارێزگای نەینەوا وەڵامی لێدوانەكەی (جەواد ئەلتیباوی) دەدەینەوە و، وەك هاوكاری داعش جیسابی بۆ دەكەین و، بەڵگەی تەواومان لایە كە (15) كەسایەتی لە سەركردەكانی داعش لە بەغدان و لە ژێر پاسەوانیی عەسایبی ئەهلولحەق و (جەواد ئەلتیباوی)ـن كە سەركردەی داعش لەنێو هێزی ئەو دەرچوونە و دواتر قسە لەسەر هێزەكانی پێشمەرگە دەكات كە دەریایەك خوێنیان بۆ ئازادكردن و پاراستنی ناوچەكانی داگیركراو لەلایەن داعش ڕشتووە".
ئەوەیش هاتووە كە: "وەكو هۆزەعەرەبەكان لە پارێزگای نەینەوا پشتیوانیی لێدوانەكەی جەنابی (مەسعوود بارزانی) دەكەین كاتێك ڕەتی كردەوە هێزەكانی پیشمەرگە بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵدا بكەن، بۆ ئەوەی فیتنە لە نێوان كورد و عەرەب لەنێو شاری مووسڵ دروست نەبێت، بۆیە دەبینین شاری مووسڵ لە دوای پرۆسەی ئازادكردنی، لەلایەن ئێران و میلیشیاكانییەوە دێتە داگیركردن بۆ نموونە عەسایبی ئەهلولحەق و ئەوانەی تر، بۆیە ئێمە ڕەتی هەر تۆمەتێك دەدەینەوە دژ بە هێزەكانی پێشمەرگە و، هۆشدارییش بە هەر كەسێك دەدەین كە هێزەكانی پێشمەرگە تۆمەتبار بكات و، بە لایەنگری داعشی دادەنێین".
نەشوان بەرزنجی




