خانەقین..حەشدی شەعبی كەوتوونەتە بۆسەیەكی داعشەوە.. پێنجیان كوژراون

خانەقین-KDP.info- بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، ھێزێكی حەشدی شەعبی كەوتوونەتە بۆسەیەكی داعشەوە و بەو ھۆیەوە پێنج چەكداری حەشدی شەعبی لە لیواكەی كورد كوژراون، ماوەیەكیشە لەو سنوورە داعش جموجۆڵی دەست پێ كردووەتەوە.
(عامر رەفعەت)، بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە جەلەولا، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "شەوی رابرد، چەكدارانی حەشدی شەعبی چوونەتە ناوچەی وادی غوراب و ئۆپەراسیۆنێكیان ئەنجام داوە، بۆیە كەوتوونەتە بۆسەیەكی داعشەوە و بەو ھۆیەوە پێنج چەكداریان كوژراون كە خەڵكی خانەقینن".
(رەفعەت) گوتیشی، ئەو چەكدارانە لە لیوا كوردەكەی حەشدی شەعبی ژمارە١١٠ـن لە فەوجی دوون، كەئامرفەوجەكەیش ناوی (ئەبوومونەتەزرـە و كوردە ئەویش بریندار بووە.
ئەو هەروەها زیاتر گوتی، داعش لە ئێستادا جموجۆڵی لە ناوچەكە ھەیە و پێش چەند رۆژێكیش ھاوەنێكی دیكەیان ئاڕاستەی حەشدی شەعبی كرد و، بەو ھۆیەوە سێ چەكداریان بریندار بوون.
بڵند ئیبراھیم




