5 كه‌س كوژراون.. ئه‌نجوومه‌نی كۆمسیاران داوا له عه‌بادی و یوئێن ده‌كات بیانپارێزێ

به‌غدا-KDP.info- له ئاكامی پێكدادانی نێوان خۆپێشانده‌رانی لایه‌نگری ڕه‌وتی سه‌در و هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه، لانی 5 كه‌س له به‌غدای پایته‌خت كوژران و ده‌یانیش بریندار بوون. هاوكات (سه‌ربه‌ست بامه‌ڕنی) داوا له سه‌رۆكوه‌زیران و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی ده‌كات بیانپارێزێ.
ئه‌مڕۆ شه‌ممه، ده‌یانهه‌زار كه‌س له لایه‌نگرانی ڕه‌وتی سه‌در ڕژانه سه‌ر شه‌قامه‌كانی به‌غدا و داوایان ده‌كرد یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق هه‌موار بكرێته‌وه.
كاتێكیش پێكدادان دروست بوو كه خۆپیشانده‌ران ده‌یانه‌ویست ئه‌و پرده تێپه‌ڕێنن كه ده‌یگه‌یاندنه ناوچه‌ی سه‌وز، كه دامه‌زراوه‌كانی حكوومه‌ت و نوێنه‌رایه‌تییه‌كانی وڵاتی لێیه.
سه‌رباری به‌كاربردنی گازی فرمێسك‌ڕێژ، بۆ بڵاوه‌پێكردنی لایه‌نگرانی ڕه‌وتی سه‌در، ته‌قه‌یش كراوه.
به‌گوته‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی ره‌وتی سه‌در، به هۆی ته‌قه‌ی هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه به‌رپرسی نووسینگه‌ی سه‌در له به‌غدایش یه‌كێك له برینداره‌كانی ئه‌مڕۆی خۆپیشاندانه‌كه‌یه.
وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراقیش ده‌ڵێ، كارمه‌ندێكی ئه‌منی كوژراوه و حه‌وتی دیكه‌ش بریندار بوون.
له به‌یاننامه‌یه‌كیشیدا، (موقته‌دا سه‌در) لایه‌نی شاراوه له به‌كاربردنی هێز به‌رانبه‌ر به خۆپیشانده‌ران تۆمه‌تبار ده‌كات و داوای كرد، یوئێن و دامه‌زراوه مرۆییه‌كان ده‌ستبه‌جێ به فریای خۆپیشانده‌رانه‌وه بچن.
(سه‌در) هاوكات سه‌رۆكوه‌زیران(عه‌بادی) له‌وه‌ی ڕووی دا به به‌رپرسیار ده‌زانێ و، هۆشداریشی دا كه وه‌ڵامی شۆڕشگێڕان بۆ له‌مه‌ودوا به‌هێزتر ده‌بێ.
پێوه‌ست به‌م پرسه، سه‌رۆكی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان(سه‌ربه‌ست بامه‌ڕنی)، له پۆستێكیدا كه له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبووككدا بڵاوی كردووه‌ته‌وه، داوای له (عه‌بادی) و یوئێن و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی كرد، له‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی له ئه‌نجوومه‌نی كۆمسیاران و فه‌رمانبه‌رانی ده‌كرێت، بیانپارێزن.




