هەزار پێشمەرگەی عەرەب مەشقیان تەواو کرد؛ دوو هەزاری دیکەش ماون

زوممار-KDP.info- فەرماندەی لیوای پێشمەرگە عەرەبەکان ئاشکرای کرد، ئێستا کار بۆ دابینیکردنی پێداویستییە سەربازییەکانی ئەو ھەزار پێشمەرگەیە دەکرێت، کە مەشق و ڕاھێنانیان تەواو کردووە و، ھەر لەم مانگەشدا ھەزار پێشمەرگەی دیکە دەست بە مەشق و ڕاھێنان دەکەن.
عەمید (بڵند حەسیب)، فەرماندەی لیوای پێشمەرگە عەرەبەکان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ھەزار پێشمەرگەی ئێمە مەشق و ڕاھێنانیان تەواو کردووە و ئێستا چوونەتە ماڵەوە بۆ ئەوەی پێداویستیی سەربازییان بۆ دابین بکرێت و دواتر لە سنووری ڕەبیعە و زوممار ئەرکیان پێ دەسپێردرێت.''
فەرماندەی لیوای پێشمەرگە عەرەبەکان دەشڵێ: ''مەشق و ڕاھێنانی ئەم لیوایە، کە لە سێ ھەزار کەس پێکدێت، بەردەوام دەبیت و، ئێستا ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەوەی لەم مانگەدا ھەزار کەسی دیکە مەشق و ڕاھێنان بکەن، کە ماوەی ٤٠ ڕۆژ خەریکی مەشق و ڕاھێنان دەبن و، دواتریش وەجبەی سێیەم، واتە دواین وەجبە مەشق و ڕاھێنان دەکەن.''
بڵند ئیبراھیم




