فراکسیۆنە کوردیەکان لە بەغدا نامەیەک بۆ حکوومەتی ھەرێم ڕەوانە دەکەن

بەغدا-KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بە ناوی فراکسیۆنە کوردییەکانەوە نامەیەک ئاراستەی حکوومەتی ھەرێم دەکرێت، بۆ ئەوەی هەرکاتیک شاندی ھەرێم بۆ گفتوگۆ دەربارەی بوودجە هاتە بەغدا، فراکسیۆنە کوردستانییەکانیش ئاگادار بن و بتوانن ھاوکارییان بکەن.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، (عەرەفات کەرەم)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئەمڕۆ فراکسیۆنە کوردستانییەکان بۆ تاوتوێی چەند پرسێک کۆبوونەوە؛ لەوانە پرسی کۆمسیۆنی هەڵبژاردەکان و گۆڕستانی دیوانیە و ناردنی نامەیەک بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەربارەی یاسای بوودجە.''
(عەرەفات کەرەم) دەڵێ: ''بە ناوی فراکسیۆنە کوردییەکانەوە نامەیەک بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەنێرین، بۆ ئەوەی ئێمەش وەکو پەرلەمانتاران لە هاتنی ئەو شاندەی هەرێم بۆ بەغدا ئاگادار بین، کە بڕیارە بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی پرسەکانی نێوان هەرێم و بەغدا سەردانی بەغدا بکات.''
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕوونیشی کردەوە: ''مەبەست لە ناردنی ئەو نامەیە، ئەوەیە کە ئێمەش ھاوکاریی شاندەکەی هەرێم بکەین، بۆ ئەوەی بزانین گفتوگۆکان دەربارەی بەشە بوودجەی ھەرێم و پێشمەرگە چۆن دەبێت.''
بڵند ئیبراھیم




