لە پارێزگای هەولێردا ٢٨%ی هاووڵاتیان ناویان لە پرۆسەی بایۆمەتریدا تۆمار کردووە
__2017_02_09_h16m21s58__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری ئۆفیسی پارێزگای هەولێری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند، لەڕێی ٢٤ بنكە و ٥٠ تیمی گەڕۆكەوە پرۆسەی بایۆمەتری لە سنووری پارێزگای هەولێر بەڕێوەدەچێت و، تا ئێستایش زیاتر لە ٢٨%ی هاووڵاتیان ناوی خۆیان تۆمار كردووە.
(عەلی قادر)، بەڕێوەبەری ئۆفیسی پارێزگای هەولێری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''ئێستا تۆماری بایۆمەتری لە سنووری پارێزگای هەولێر بە شێوەیەكی زۆرباش بەڕێوەدەچێت، دامودەزگاكانی حكوومەت بەتەواوەتی هاوكاریی كۆمسیۆن دەکەن، ئێستا ڕێژەی تۆمارکراو گەیشتووەتە ٢٨% و، هاووڵاتیان بە پەرۆشەوە سەردانی ناوەندەكانی تۆمارکردن دەكەن.''
بەرپرسەکەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەڵێ: ''بەهۆی بوودجەوە بۆ ماوەیەك تیمەكانمان كەم كرابوونەوە، ئێستا بوودجەکە موافقەی لەسەر كراوە و تیمەكانمان زیاد دەكەینەوە، بۆیە داوا لە هاووڵاتیان دەكەین، سەردانی ناوەندەکان بکەن، بۆ ئەوەی كاروباری بایۆمەترییان بۆ ڕایی بكرێت.''
ئەو دەشڵێ: ''٢٤ بنكەی تۆماری بایۆمەتریی دەنگدەران لە سنووری پارێزگای هەولێر كراونەتەوە، لەگەڵ ٥٠ تیمی خێرا. هاووڵاتییان دەتوانن سەردانی بنكەكان بكەن، هەوڵ دەدەین بەردەوام بین تا لە هەڵبژاردن نزیك دەبینەوە، بۆ ئەوەی بتوانین زۆرترین ژمارەی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان تۆمار بكەین.''
ڕابین شێروانی




