سیرینی: خۆپێشاندانی لایەنگرانی سەدر بۆ پۆست و دەستكەوتی سیاسییە
_-_Copy__2017_02_09_h14m23s25__HK.jpg)
بەغدا-KDP.info- نوێنەرێكی كورد لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد، خۆپێشاندانەكانی لایەنگرانی سەدر زیاتر مەرامی سیاسی لەپشتە و بۆ بەدەستهێنانی پۆست و پلەی حكوومەتە، نەك ژیانی خەڵك. ئەو دەڵێ، ڕۆژبەرۆژ ڕەوشی عێراق هەر ئاڵۆزتر دەبێت و ڕۆژێك نەماندی عێراق سەقامگیر بێت.
(سیروان سیرینی)، ئەندامی فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''مەبەست لە خۆپێشاندانەكانی ئەمڕۆی لایەنگرانی (موقتەدا سەدر)، سەرۆكی ڕەوتی سەدر، وەدەستهێنانی پۆستە و مەرامی سیاسی لەپشتە؛ لەوانە گۆڕینی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، کە مەبەستیانە خەڵكێكی سەر بە خۆیان لە كۆمسیۆنەکەدا دانێن. كێشەكانی عێراق سیاسین. داوامان كردووە گۆڕانكاری لە پرسی خزمەتگوزاریدا بكرێت، هەرچەندیش پارە خەرج بكرێت، كێشەكان چارە ناكرێن، هەتا ئەوكاتەی كێشەی نێوان لایەنە سیاسی و پێكهاتەكان چارە نەكرێن.''
(سیروان سیرینی) دەڵێ: ''ئەمە سێ ساڵە ئێمە لە بەغداین، ڕۆژێك نەماندی ڕەوشی عێراق و بەغدا سەقامگیربێت، ڕۆژانە تەقینەوە و خۆپێشاندان و هەنگەمەیە. دەبێت لەڕێی حكوومەتێكی نیشتیمانییەوە بۆ بەرەوپێشبردنی ژیانی هاووڵاتیانی عێراق بەگشتی سنوورێك بۆ ئەو ڕەفتارانە دابنرێت و، بیر لە بەرژەوەندیی خەڵك بكرێتەوە. من وای دەبینم خۆپێشاندانەكانی ئەمڕۆی بەغدا و ڕۆژانی دابێش، زیاتر بۆ مەرامی سیاسییە و خەڵكی سڤیل بەكار دەهێنرێن.''
قائید میرۆ




