دەزگای بارزانی لە دیبەگە هاوكاریی 139 خێزانی كرد.. یارمەتییش گەیەندرایە شنگال

هەولێر-KDP.info- دەزگای خێرخوازیی بارزانی، رۆژانە چالاكیی جۆراوجۆر لە نێو كەمپی ئاوارە و پەنابەراندا بەڕێوە دەبات و، بەشی زۆری چالاكییەكانیش بریتین لە دابینكردنی پێداویستییە سەرەتاییەكان.
رێكەوتی 9/2/2017 دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە درێژەی هاوكارییەكانی بۆ ئاوارەكانی كەمپەكانی دیبەگە، بە هەماهەنگیی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، پێداویستیی ناوماڵی بۆ 139 خێزان دابین كرد.
جێگای ئاماژەیە، كەمپەكانی دیبەگە تایبەتن بە ئاوارەكانی مووسڵ و دەوروبەری و لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە بەڕێوە دەبرێن.
هەروەها رێككەوتی 9/2/2017 تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هەماهەنگی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لەسەر چیای شنگال 5000 كارتۆن خۆراكی وشكیان بۆ 2500 خێزانی ئاوارەی سەر چیایەكە دابین كرد. هەروەها دەزگای خێرخوازیی بارزانی و وەزارەتی كۆچ و كچبەرانی عێراق 850 پێداویستی تەندرووستیان بەسەر خەڵكی گوندەكانی گۆهبەل و زۆراڤای سەر بە شارۆچكەی شنگال دابەش كرد.
جێگای ئاماژەیە، لە رێكەوتی 8/2/2017 دەزگای خێرخوازیی بارزانی و وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراقی ئامێری گەرمكەرەوە (سۆبە)ـیان بۆ 1142 خێزانی سەنتەری شنگال و گوندەكانی دوهلا و دوكورد دابەش كرد، هەر لە هەمان رۆژدا و لە هەڵمەتێكی دیكەدا 3492 پێداویستیی وەكوو (جلوبەرگی زستانە و لایتی شەحن)ـی بۆ ئاوارەكانی سەر چیای شنگال و هەروەها سەنتەری شارۆچكەی شنگال دابین كرد.




