رەنگدانەوەی لە بەرەوپێشبردنی حزب دەبێت.. كادیران بە ئومێدەوە لە گۆڕانکارییەکانی پارتی دەڕوانن

هەولێر-KDP.info- گۆڕانكارییەكانی نێو پارتی دیموكراتی كوردستان كە دوێنێ راگەیاندرا، خۆشحاڵیی كادیرانی گەنجی نێو پارتی لێکەوتەوە و ئاماژە دەدەن، هەر گۆڕانكارییەك لە نێو پارتیدا روو بدات، رەنگدانەوە و كاریگەری لەسەر پارتایەتییان دەبێت بە تایبەت لەم قۆناغەدا، كادیرێكیش دەڵێ، ئەمە نە سەرەتا و نە كۆتایی گۆڕانكارییەكانی نێو پارتی دیموكراتی كوردستانە.
(ئامینە زكری)، كادیری پێشكەوتووی پارتی كە هاوكات جێگری سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتییە لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی گۆڕانكارییەكانی نێو حزبەوە دەڵێ: "دڵخۆشم بەوەی پارتیمان بایەخی بە پێگە و رۆڵی ئافرەت داوە لە وەرگرتنی بەرپرسیارەتی لە نێو ئۆرگانەكانی حزبدا، لە گۆڕانكارییەكانی ئەمجارەیشدا ئەندامێكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی كە ئافرەتە وەك بەرپرسی دەزگای دیراسات دانراوە، چەندین ئافرەتی دیكەی لێهاتوو لە نێو ئەنجوومەنی سەركردایەتیدا بوونیان هەیە، هیوادارم لە قۆناغی دووەمی گۆڕانكارییەكان دەرفەت بە ئەوانیش بدرێت، پیرۆزباییش لە گشت هەڤاڵانم دەكەم و تەمەننای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم".
(رۆژگار شێخانی) كادیرێکی لاوی پارتییە و، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پڕۆسەی گۆڕانكاری لە هەر دەزگا و ئۆرگانێك ئەنجام بدرێت، كارێكی سوودبەخش و باشە، دیارە ئەو گۆڕانكاریانەی لە دواكۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتیمان بە سەرپەرشتیی (سەرۆك بارزانی) بڕیاری لێ درا دڵخۆشكەرە، هەرچەندە ئەم پڕۆسەیە، پرۆسەیەكی ئاسایی و بەردەوامی نێو حزبە، بەڵام بووە جێگەی خۆشحاڵیی هەڤاڵانی پارتیمان، چونكە هەر گۆڕانكارییەك پێشتر دیراسە كرابێت، دەبێتە هۆی چالاكبوونەوە و گەرموگوڕی لە كاری پارتایەتیدا، دیارە ئەمە سەرەتای گۆڕانكارییەكان نییە و كۆتاییش نابێت، پێشتر لە خۆلێكی پێگەیاندنی كادیران (سەرۆك بارزانی) ئاماژەی بە ئەنجامدانی گۆڕانكاری كردبوو، لێرەیشەوە پیرۆزبایی لە گشت هەڤاڵانمان دەكەم بۆ وەرگرتنی ئەركی نوێ لەنێو حزبدا".
(شەعلان مزووری) كادیرێكی دیکەی پارتییە و، لەبارەی گۆڕانكاری نێو پارتییەوە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئێمەی كادیرانی گەنجی نێو پارتی بە بایەخەوە دەڕوانینە گۆڕانكارییەكانی نێو حزب، چونكە ژیانی پارتایەتی پێویستی بە گۆڕانكاری بەردەوام هەیە بۆ ئەوەی حزب نوێ بكرێتەوە؛ لەوانەیە پێشتر بەرپرسێك لە ئۆرگانێك خزمەتی كردووە ماندوو بووە و پێویستی بە گۆڕینە، یان هەیە وەك پێویست نەبووە مەرج نییە لە شوێنەكەی خۆی ئەركەكەی بە باشی بەجێ نەگەیاندووە، لەوانەیە لە شوێنی تر زۆر بە باشتر بتوانێ درێژە بە خەبات بدات، بەڵام ئەوەی لای من گرینگە دەخوازم تەنیا لە بەرپرسە یەكەمەكاندا گۆڕانكاری نەكرێت، بەڵكوو شۆڕ بێتەوە بۆ ئۆرگانەكانی دیكەیش، گۆڕانكارییەكە زیاتر فراوان بكرێت بۆ ئەوەی دەرفەتی زیاتر بە هەندێ هەڤاڵ بدرێت و پێویستە گۆڕانكاریی جەوهەری بن، مەبەستم ئەوانەی دێنە پێشەوە گۆڕانكاریی جەوهەری بكەن لە ڕووی رێكخستنی حزب و ئەو كاركردنەی پێشوو، گۆڕانی تێدا بكرێت بە شێوەیەكی سەردەمیانە و رێكخستنی حزب بەهێز بكرێت".
هاوكات (ئالان حەمەسەعید) بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی لە سلێمانی -هەڵەبجە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند: "10-2ـی ساڵی ڕابردوو (سەرۆك بارزانی) پەیامێكی بڵاو كردەوە لەسەر گۆڕانكاری لە ناوخۆی پارتیمان، بۆیە من وەك كادیرێكی پارتی گۆڕانكارییەكان لەم كاتەدا بە كارێكی زۆر باش دەزانم كە هەڵسەنگاندنێكی ورد بۆ تەواوی گۆڕانكارییەكان كراوە و پاشان خراوەتە بواری جێبەجێكردن، ئەمەیش وای كردووە بە ئومێدەوە بڕوانمە ئەم گۆڕانكاریانەی ئەم جارەی ناو حزب كە دەست براوە بۆ زۆرێك لە ئۆرگانەكان نەك بەس بەشە ڕێكخستنەكەی".
(ئالان حەمەسەعید) گوتیشی: "دڵنیام ئەم گۆڕانكاریانەی ئەمجارەی حزب گوڕوتینێكی زۆر باش دەدات بە كاری حزبایەتی لە ناو پارتیمان، كە گۆڕانكارییەكان بەردەوام دەبن و ئۆرگانی دیكەیش دەگرێتەوە تاوەكو وزەیەكی تازە بە تەواوی ئۆرگانە حزبیەكان بدات".
دەشڵێت: "كاری ئەو لیژنانەی كە ڕاسپێدرابوون بۆ بەرزكردنەوەی ڕاپۆرت لەسەر گۆڕانكاری لە ناوحزبدا، زۆر بە وردی بەڕێوە چووە، كە كارەكانیشیان لە كاتی گۆڕانكارییەكان دەركەوتن، من پیرۆزبایی لەو هەڤاڵانەم دەكەم كە پۆستی نوێیان وەرگرتووە و ئومێد دەكەم سەركەوتوو بن لە بەرپرسیارەتییە نوێكەیان".
(زینۆ كاكەیی) كادیری پێشكەوتووی پارتی لە هەڵەبجە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "هەموو حزبێك پێویستی بە گۆڕانكاری و نوێبوونەوە هەیە، بۆیە پارتییشمان بۆ هەموو كاتەكان كە پێویستی بە گۆڕانكاری بووبێت، دەستی پێ كردووە و گۆڕانكاری لە ئۆرگانەكانیدا كردووە، بۆیە من وەك كادیرێكی گەنجی ئەم حزبە بە ئومێدەوە دەڕوانمە ئەم گۆڕانكاریانەی كە لە ئێستەدا كراون و زۆربەی ئۆرگانەكانی پارتیمانی گرتووەتەوە".
(كاكەیی) دەڵێت: "پارتی بە هۆی بارودۆخی كوردستانەوە كۆنگرەی دوا خست، بەڵام توانی بەم گۆڕانكاریانەی كە لە ناو حزب دەستی پێ كردووە، گوڕوتینێك بداتەوە بە حزب، من وەك خۆم هەردەم لە نووسین و وتارەكانم پشتگیریی گۆڕانكاریم كردووە، چونكە هەر گۆڕانكارییەك لە ئۆرگانێكی حزبدا، كردنەبەری هێز و وزەی تازەیە بەبەر ئەو ئۆرگانەدا، بە تایبەت لەم ماوەیەی ڕابردوودا چەند گۆڕانكارییەك كرا لەسەر ئاستی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی سلێمانی كە گوڕوتینێكی باشی داوە بە پارتیمان لەم دەڤەرە، بۆیە داواكارم پارتیمان لەسەر ئاستی ناوچە و رێكخراوەكانیش گۆڕانكاری بكات، تاوەكو بەرگێكی تازە بەبەر حزبدا بكرێت لە خوارەوە بۆ سەرەوە، كە لە ئێستەدا زەروورەتی حزبە".
(سەربەست مەنمی) كارگێڕی ناوچەی زانكۆی سلێمانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند: "گۆڕانكارییەكانی پارتیمان لە ئێستەدا بووەتە جێگای ئومێدی كادیران و لایەنگرانی حزب، بۆیە ئەم جۆرە گۆڕانكاریانە گرینگن، ئومێد دەكەین تەواوی ئۆرگانەكانی حزب بگرێتەوە، دڵنیایشین پارتی هەمیشە و لە هەموو زرووفەكاندا خۆی لەگەڵ هەلومەرجی ڕۆژدا گونجاندووە، ئەم گۆڕانكایانەیشی لەو چواچێوەدایە كە بە هاتنی (ئەدهەم بارزانی) و گۆڕینی چەند هەڤاڵێك لە سەركردایەتی، كاری حزب بەرەو پێشەوە ڕۆییشتووە".
(مەنمی) گوتی: "كاری حزبی هەمیشە پێویستی بە نوێبوونەوە و گۆڕانكاری هەیە، لە ئێستایشدا پارتیمان لەسەر ئاستی باڵای حزبدا دەستی كردووە بە گۆڕانكاری، بۆیە بەئومێدەوە دەڕوانمە ئەم گۆڕانكاریانە، پێویستە گۆڕانكارییەكان گشتگیر بكرێت و هەموو ئۆرگانەكان بگرێتەوە، لە دەڤەری سلێمانی چەند ئۆرگانێكی مەعریفی و ڕۆشنبیری دروست بكرێت بۆ زیاتر خزمەتكردنی هاووڵاتیانی سلێمانی لە ڕووی ڕۆشنبیرییەوە كە لەم دەڤەرەدا مەعریفە لە جووڵاندایە".
كادیرە گەنجەی پارتی دەڵێت: "پارتی لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە لە گەشەكردندایە، بۆیە گۆڕانكاریی بەردەوام، دڵنیام گەشەی زیاتر بە پارتی دەدات".
قائید میرۆ - هێڤیار هەڵەبجەیی




