٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

شوان محەممەد: دەستەڵاتدارانی عێراق چاكسازییان پێ ناكرێت

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- چاودێرێكی سیاسی دەڵێ، رەهەندی سیاسی لە پشت خۆپێشاندەرانی عێراقەوەیە و پێشتر حكوومەتی عێراق بەڵێنی جێبەجێكردنی داخوازیی خۆپێشاندەرانی دابوو، ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد، سەرلەبەری سیستەمی حوكمڕانیی عێراق پێویستی بە چاكسازی هەیە، بەڵام چاكسازی بەو دارودەستەیە ناكرێت كە ئێستا عێراقیان بە دەستەوەیە.

(شوان محەممەد تەها)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ماوەیەك بوو خۆپێشاندانەكانی عێراق لەلایەن تەیاری سەدری و تەیاری مەدەنی سڕ كرابوون، چونكە بەڵێنی ئەوەیان لە حكوومەتی عێراق وەرگرتبوو چاكسازی بكرێت دوور لە موحاسسە وەك باسی لێوە دەكەن، دواتر  گۆڕانكاری لە هەندێ وەزارەتی وەك بەرگری و ناوخۆ و پیشەسازی و شوێنی دیكەیش كرا، بەڵام هەر گەڕانەوە بۆ سیستەمی كۆنی حكوومەتی عێراقی ئەوەیش لەگەڵ داخوازیی خۆپێشاندەراندا هاوتەریب نیە، كە حكوومەت بەڵێنی پێ دابوون چارە بكرێن، هۆكار گەلێكی دیكەن هەن، بەڵام ئەوەی لە عێراق دەگوزەرێت ئەوەندەی كێشەیەكی سیاسیە، كێشەیەكی كۆمەڵایەتی و جەماوەری نییە".

چاودێرەكە ئەوەیشی خستە ڕوو: " رەوشی شەقامی عێراق لەو چوارچێوەیە هاتووەتە دەر، پێم وایە پێویستە سەرلەبەری سیستەمی حوكمڕانیی عێراق چاكسازی تێدا بكرێت ئەوەیش بەو دارودەستە و عەقڵییەتەی هەیە ناكرێت، بەڵام ئەوەی لە شەقام دەگوزەرێ دەكرێ بڵێن رەهەندی سیاسی لە پشتە".

(تەها) گوتیشی: "ئەگەر داخوازیی خۆپێشاندەران خزمەتگوزاری بن، حكوومەت دەتوانێ بەشێكیان چارە بكات، بە پێچەوانەوە ئەگەر داخوازییەكان سیاسی بن، دەبێت بە پێی رێككەوتنی سیاسی بێت، تا عێراق نەگەڕێتەوە سەر رێككەوتنی نیشتیمانی، پێم وا نییە كێشەكانی عێراق چارە بكرێن، ئێستا كێشە هەیە لە نێوانی حكوومەتی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كێشە هەیە لە نێوان میلیشیات و حكوومەتی عێراقی، كێشە هەیە لە نێوان زۆربەی تەیاراتی نێو پڕۆسەی  سیاسی، دەتوانم ئاماژەی بۆ بكەم كێشەكانی عێراق لێوانلێون سەرەڕای كێشە ئەمنی و ئابوورییەكان".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار