کاروان ساڵح: جگە لە گۆڕان حزبەکانی دیکە بە ئاشکرا تێبینیان لەسەر پڕۆژەکەی هاوپەیمانێتیی شیعە هەبوو
__2017_02_08_h17m18s51__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- (كاروان ساڵح)، چاودێری سیاسی ڕایگەیاند، پڕۆژەکەی هاوپەیمانیی نیشتمانی لەم کاتەدا بۆ ئەوەیە نێوماڵی كورد پەرتەوازە بكرێت. بەڵام ئێمە لە هەموو كاتێكدا پێویستمان بە یەكڕیزی و یەكگوتاری هەیە، بۆ ئەوەی بە یەكگرتوویی وەڵامی هەموو پڕۆژەكان بدەینەوە، بۆیە دەبێت بە زووترین كات لایەنە سیاسییەكان كۆببنەوە و، ئەو لیژنانەی كە دروستیش دەكرێن، بەهێز بن و هیچ كەس و لایەنێك لە چوارچێوەی ئەو لیژنانە دەرنەچێت.
(كاروان ساڵح)، چاودێری سیاسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''پڕۆژەی هاوپەیمانیی نیشتمانی لە كاتێكی وادا، بۆ ئەوەیە نێوماڵی كورد پەرتەوازە بكەن. بەڵام ئێمە لە هەموو كاتێكدا پێویستمان بە یەكڕیزی و یەكگوتاری هەیە. بەڕاشكاوی دەڵێم، هاتنیان بۆ هەولێر و، دواتر چوونیان بۆ سلێمانی بۆ ئەوەیە نێوماڵی كورد پەرتەوازە بكەن. لایەنێكی شیعە زۆر بە چڕی و بە قورسایی خۆی بۆ لەنێوبردن و پەرتەوازەكردنی نێوماڵی كورد هەوڵ دەدات، هەروەك دیتمان بزووتنەوەی گۆڕان تاڕادەیەك بەو پڕۆژەیە ڕازی بوو، کەچی حزبەكانی دیكە بەئاشكرا ڕایانگەیاند، تێبینییان لەسەر پڕۆژەكە هەیە. بەڕاستی لەم کاتەدا دەبێ بە هەڵوێستێكی نەتەوەیی و نیشتمانیی یەكگرتووەوە وەڵامی هەموو پڕۆژەكان بدەینەوە.''
ئەو چاودێرە گوتیشی: ''نابێت هەركەسەو لەلای خۆیەوە وەڵامی بەغدا بداتەوە، چونکە ئەوەش كزی و پەرتەوازەیی كورد نیشان دەدات و، بەو شێوازە زەرەری زۆر گەورە دەكەین. پێویستە بە زووترین كات لایەنە سیاسییەكان كۆببنەوە و، ئەو لیژنانەی كە دروست دەكرێن، بەهێز بن و هیچ كەس و لایەنێك لە چوارچێوەی ئەو لیژنانە دەرنەچێت. چونكە ئەوەی لێیان دەربچێت، هەم تۆمەتبار دەكرێت و بەجۆرێك پەرتەوازەیی كورد دەكەوێتە ئەستۆی، هەمیش لە باری نەتەوەیی و نیشتمانییەوە بەرپرسیارەتییەكی مێژووییی زۆر گەورە دەكەوێتە سەر شانی.''
ڕابین شێروانی




