٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

"مالیکی دەیەوێت لەڕێی ناشەرعییەوە هەوڵ بۆ گەڕانەوەی خۆی بدات"

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-  ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: "مالیکی لەڕێی ناشەرعییەوە هەوڵ بۆ گەڕانەوەی خۆی دەدات و، دەیەوێت بە پارە و پۆست کەسانێک بکڕێت.''

(شاخەوان عەبدوڵڵا)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''چەند ساڵە ڕەوتی سەدرییەکان دەڵێن، (مالیکی) دەیەوێت حەشدی شەعبی بۆ مەرامی سیاسی و سەربازی بەکار بێنێت، بەڵام ئێستا (نووری مالیکی)، هەوڵ دەدات ئەگەر بەیاسا پێی نەکرێت، بەشێوەی سەربازی هەوڵ بۆ وەدەستهێنانەوەی دەسەڵاتی جێبەجێکاری عێراق بدات، بۆیە هەندێک لایەنی شیعە ئەو مەترسییەیان بەلاوە دروست بووە.''

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی: ''(مالیکی) دوژمنایەتیی خۆی لەگەڵ خەڵکی کوردستان نەشاردووەتەوە. ساڵی ٢٠١٢ هێزی ئۆپەڕاسیۆنەکانی دیجلەی هێنایە سەر کەرکووک. بەداخەوە ئێستا هەندێک لە پەرلەمانتارە کوردەکان بوونەتە پارێزەری ئەو و، دەڵێن (لەبەر ئەوەی کوردستان نەوتەکەی بۆ بەغدا نانێرێت، بوودجەکەمان بڕاوە)، کەچی نازانن، ئەوکاتەی مالیکی پێی گوتین بوودجەتان لێ دەبڕم، هێشتا دەستمان بە پڕۆسەی نەوت نەکردبوو. ئێستا مالیکی دەیەوێت سوود لە هەندێک کورد وەربگرێت، بەڵام هەموو دنیای عەرەبیشی لەگەڵ بێت، هێشتا ناتوانێت دەست بەسەر ئەو ناوچانەدا بگرێتەوە، کە پێشتر سوپای عێراقی لێ بوو.''

(شاخەوان عەبدوڵڵا) درێژەی پێ دا: ''(مالیکی)، هەوڵ دەدات لایەنێکی سیاسی بخاتە ژێرڕکێفی خۆیەوە، هەوڵ دەدات کەسانێک بە پارە و بە پۆست بکڕێت، بۆئەوەی بڵێت بەغدا لە هەرێم باشترەوە و، ئەوان بڵێن سەربەخۆییمان ناوێت و، بەغدامان دەوێت. دەخوازێ دەرفەتێک بۆ لێدان لە سەربەخۆیی کوردستان وەدەست بێنێت.''

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت: ''حەقە حزبەکان لە ئەندامەکانیان بپرسنەوە، چۆن سەردانی (مالیکی) دەکەن؟ خۆ ئەو سەرۆکوەزیران نییە، دەسەڵاتی جێبەجێکردنی هەبێت، فەرماندەی گشتیی هێزی عێراقیش نییە، بڕیاری بوودجەی پێشمەرگەی بەدەست بێت. ئەو، کابرایەکی جێگری سەرۆککۆمارە، بەچ سیفەتێک سەردانی دەکەن؟''

کارزان سەباح
 

هەواڵی پەیوەندیدار