نێچیرڤان بارزانی و شاندێكی یەكێتیی ئەورووپا، پێكەوەژیانی ئایینی دووپات دەكەنەوە

هەولێر-KDP.info- (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 8-2-2017، پێشوازی لە (یان ڤیگێل) نێردراوی تایبەتی یەكێتیی ئەورووپا بۆ هەماهەنگیی ئازادیی ئایینەكان و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردان و ئەو پێكەوەژیانە سەركەوتووانەی لە هەرێمی كوردستان هەیە، دەربڕی و پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئەو پێكەوەژیانەی هەرێمی كوردستان نیشان دا و هیوایان خواست لە هەموو بەشەكانی دیكەی عێراق ڕەنگ بداتەوە، هەروەها هەوڵ و هەنگاوەكانی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان بۆ پێشوازیكردن و دابینكردنی جێگەی حەوانەوە بۆ ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر بەرز نرخاند و لەم ڕووەوە پاڵپشتیی خۆیان بۆ هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند.
شاندی میوان سەرسامیی خۆیان بەرانبەر سەقامگیری لە هەرێمی كوردستان دەربڕی و هیوایان خواست هەرێمی كوردستان ڕۆڵی خۆی لە چارەكردنی تەواوی ئەو كێشانەدا ببنیێت كە لە بەشەكانی دیكەی عیراقدا لە نێوان پێكهاتە جیاوازەكاندا هەن، ئامادەییی یەكێتیی ئەورووپایشیان بۆ هەر هاوكاری و هەماهەنگییەك لەمبارەیەوە نیشان دا.
لای خۆیەوە، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و تێبینییە ئەرێنییەكانی شاندی میوانی كرد و دووپاتی كردەوە كە، كولتووری پێكەوەژیان هەڵقوڵاوی ناخی كۆمەڵگەی كوردییە و زۆرێك لەو كێشانەش كە لەمبارەیەوە هاتوونەتە پێش، بە یاسا چارە كراون و لەمبارەیەیشەوە كۆمەڵیك یاسا دەركراون. بەڕێزیان جەختی لەوەیش كردەوە كە، ڕابردوو و ئێستایش هەرێمی كوردستان و سەركردایەتییەكەی هەوڵی ئەوەیان داوە فاكتەری سەقامگیری بن لە ناوچەكە و بە پێویستی زانی لایەنەكانی دیكەیش بە هەمان شێوەی هەرێمی كوردستان هەوڵەكانیان بخەنە گەڕ تاكو پێكەوەژیان ببێتە مۆدێلێكی سەرتاسەری.
ئەوەیشی نەشاردەوە كە بەداخەوە لە هەندێك شوێن پاكتاوی ڕەگەزی و ئایینی ئەنجام دەدرێت و هیوای خواست دوای نەمانی تیرۆریستانی داعش پرۆسەیەكی ئاشتەواییی سەرتاسەری دەست پێ بكات و، ئاوارەكان بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و دوور بن لە هەر توندوتیژییەك، پرۆسەی پێكەوەژیانیش بخرێتە نێو پڕۆگرامی خوێندن و پەروەردەوە.




