نوێنەرێکی کریستیانەکان: مکوڕین لەسەر جیاکردنەوەی دەشتی نەینەوا
_-_Copy__2017_02_07_h17m58s57__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- نوێنەری كریستانەكان لە پەرلەمانی كوردستان (پەروانت نیسان) دەڵێ، گەلانی مەسیحی و كلد و ئاشوور ڕژدن لەسەر پڕۆژەكەیان بۆ جیاكردنەوەی دەشتی نەینەوا لە پارێزگای نەینەوا، پێشتر پڕۆژەمان بۆ بە پارێزگاكردنی دەشتی نەینەوا داوەتە پەرلەمانی عێراق و جیهانیش پشتگیریمان دەكات.
(پەروانت نیسان)، نوێنەری كرستیانەكان لە پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "گشت لایەنەكانی كریستیان یەك دەنگ و هەڵوێستیان هەیە، بۆ ئەوەی دەشتی نەینەوا بكرێتە پارێزگایەكی كریستیانەكان و، دواتر لەڕێی ڕاپرسییەوە خەڵكی ناوچەكە، خۆیان بڕیار بدەن، کە ئاخۆ دەگەڕێنەوە سەر هەرێمی كوردستان یان سەر بە عێراق دەبن. پێشتریش لەو بارەیەوە پڕۆژەیەك پێشكەش بە پەرلەمانی عێراق كراوە، بەڵام هیچ وەڵامێكیان نەداینەوە، لەبەر ئەوەش ئێستا هەموو گەلانی مەسیحی و كلد و ئاشوور سورن لەسەر داواكاریی خۆیان و، دەخوازن دەڤەری دەشتی نەینەوا ببێت بە پارێزگایەک و، ئەوەش تاکە ڕێکارە بۆ ئەوەی بتوانن وەك نەتەوەیەكی ڕەسەنی ناوچەكە بژین.
پەرلەمانتارەكەی كریستیان گوتی: ''لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی كارمان بۆ دامەزراندنی پارێزگای دەشتی نەینەوا كردووە و پالپشتیی جیهانمان لەو پێوەندییەدا وەدەست هێناوە، بەڵام تا ئێستا سنووری پارێزگای نەینەوا بەتەواوەتی كۆنتڕۆڵ نەكراوەتەوە و ئاوارە كریستیانەكانیش نەگەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان، تا بڕیاری لێ بدرێت''.
(پەروانت نیسان) درێژەی دایە: "بە بۆچوونی من، وەك پەرلەمانتار، ئەگەر دەشتی نەینەوا لە پارێزگای نەینەوا جیا نەكرێتەوە، ئێمە ناتوانین لەو ناوچەیەدا بژین و، دەترسین كارەساتی هاوشێوەی هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر هاووڵاتییانی كریستیان دووبارە ببێتەوە، چونكە هیچ گەرەنتیەك بۆ پاتنەبوونەوەی كارەساتەكان نییە و، تەنیا ڕێکار ئەوەیە لە لایەن هێزێكی نێودەوڵەتییەوە ناوچەكە بپارێزرێت و خەڵكی ناوچەكە، خۆیان دەشتی نەینەوا بەڕێوە ببەن، نەك سەر بە عێراق بێت.
قائید میرۆ




