٩٥٤ پێشمەرگەی عەرەب مەشق و ڕاهێنانیان تەواو کرد
_-_Copy__2017_02_07_h15m24s56__HK.jpg)
زوممار-KDP.info - بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە زوممار ئاشکرای کرد، لە خولی دەرچوونی یەکەم وەجبەی ھێزەکانی پێشمەرگەی لیوا عەرەبەکان، ھەموو سەرکھۆزە گەورەکانی عەرەب ئامادەبوون و پشتگیریی خۆیشیان بۆ ھەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.
(حەسەن خەلۆ) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە مەڕاسیمی دەرچوونی وەجبەی یەکەمی مەشق و ڕاھێنانی ھێزی پێشمەرگەی لیوا عەرەبەکاندا، کە ئەمڕۆ ٩٥٤ پێشمەرگە مەشق و ڕاھێنانیان تەواو کرد، ھەریەک لە سەرۆکھۆزەکانی جبووری، جحێشی، لھێبی، تائی، میعماری، شەمەری و شەرابی بەشدارییان کرد و، لە گوتەکانیاندا پشتگیریی خۆیان بۆ ھەرێمی کوردستان دووپات کردەوە؛ ئەمەش نامەیەک بوو بۆ ئەو عەرەبانەی کە (مالیکی) بەکاریان دەھێنێت بۆ دژایەتیی ھەرێمی کوردستان، چونکە ھەرێمی کوردستان بەگشتی و، بەتایبەت (سەرۆک بارزانی) بەکردەوە سەلماندوویەتی، کە ھاوکاریی عەرەبەکان دەکات و برایەتیی کورد و عەرەب بەردەوامە.
(حەسەن خەلۆ) گوتی، بڕیارە لەدوای ئەو وەجبەیە، وەجبەی دووەمیش دەست بە مەشق و ڕاھێنان بکات، چونکە وەجبەی یەکەم لە ماوەی ١٠ ڕۆژی داھاتوودا ھەموو پێداویستییەکی سەربازییان بۆ دابین دەکرێت و لە سنووری ڕەبیعە و زوممار ئەرکیان پێ دەسپێردرێت.
بڵند ئیبراھیم




