غەفوور مەخمووری: بڕوام بە عێراق نەماوە
ھەولێر-KDP.info- سكرتێری گشتیی یەكێتیی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، لە ئێستادا كات بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان زۆر گونجاوە و، ھەموو مەرج و بنەماكانی دەوڵەتبوونیش لە كوردستاندا ھەیە، بۆیە پێویستە لەجیاتی ئەوەی كورد خۆی بە بەغداوە خەریك بكات، پێویستە ئامادەكاری بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان بكات.
(غەفوور مەخمووری)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ھیچ بڕوایەكم بە عێراق و دەستەڵاتێك لە بەغدا نییە، چونكە ئەزموونێكی زیاتر لە ٧٠ساڵەمان لەگەڵ سوننەی عێراق ھەبوو، جگە لە ماڵوێرانی و كوشتن و بڕین و ئەنفال و كیمیابارانكردن، ھیچی تری بۆ كورد پێ نەبوو، زیاتر لە ١٥ساڵیشە لەگەڵ دەستەڵاتی شیعەداین، جگە لە سیاسەتی پەراوێزخستن ھیچی ترمان لێ نەبینیوە، بۆیە ھەر پڕۆژەك بەغدا بۆ ئێمەی بێنێت یاخود ئێمە بۆ ئەوانی ببەین، كاتبەسەربردنە، لەبەر ئەوە باشترین چارەسەر راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستانە".
(مەخمووری) گوتیشی: "ئێستا كات زۆر گونجاوە بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی كوردی و پێویست بەوە ناكات كات بەفیڕۆ بدەین و لەگەڵ بەغدا جارێكی دیكە گەڕێكی دیكەی دانوستان دەست پێ بكەین، چونكە لە ٢٠٠٣ـوە لەگەڵ بەغدا لە دیالۆگداین كوا ئەنجامەكەی؟".
سكرتێری گشتیی یەكێتیی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان راشیگەیاند: "لە ئێستادا ھەرێمی كوردستان ھەموو مەرجێكی بۆ بوون بەدەوڵەتی تێدایە، چونكە خاوەن میللەت و خاك و حوكمڕانی و پەیوەندیی نێودەوڵەتی و هەروەها ئەو بنەمایانەی بەپێی رێككەوتننامەی مۆنتیڤیتیۆ لە١٩٣٣دامەزراوە بۆ دەوڵەت، ئەوانە لە ھەرێمی كوردستاندا ھەن".
دەشڵێت: "پێویستە لەجیاتی خۆسەرقاڵكردن بە بەغدا، خۆمان ئامادە بكەین بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان، نەك كات بە بەغداوە بەسەر ببەین".
ڕۆژی شەممە 4ـی 2ـی 2017 لە سەڵاحەدین، (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی باڵای هاوپەیمانێتیی نیشتیمانیی عێراقی كرد كە پێكهاتبوو لە (سەید عەممار ئەلحەكیم) سەرۆكی هاوپەیمانیی نیشتیمانی و ژمارەیەك لە نوێنەر و سەركردەی پارتە سیاسییەكانی نێو هاوپەیمانێتیی نیشتیمانیی عێراقی.
شاندەکە بە پڕۆژەیەکەوە هاتبوونە هەرێمی کوردستان بە ناوی ئاشتەوایی نیشتیمانی و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دواتر لایەنە سیاسییە کوردستانییەکاندا گفتوگۆیان لەبارەوە کرد.
بڵند ئیبراھیم




