ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکگرتوو: هەرلایەنێک لەگەڵ سەربەخۆیی نەبێ بەغدا بەکاری دەهێنێت

هەولێر-KDP.info- ئەندامی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان (بەهزاد زێباری) دەڵێ، پێویستە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە شاندێکی بەهێزەوە بچنە بەغدا و گفتوگۆی پێوەست بە سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان بکەن، هەڵبەت هەر لایەنێک لەگەڵ سەربەخۆیی نەبێ ئەوا بەغدا بەکاری دێنێ.
(بەھزاد زێباری) ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "دوای ئەوەی شاندی هاوپەیمانی نیشتمانی شیعە سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد، وا پێویست دەکات کە هەرێمی کوردستان هەنگاوی جۆراوجۆر بنێ بە جۆرێک کە هیچ درزێک لەنێو ماڵی کورددا نەهێڵێتەوە و نێو ماڵی کوردی رێک بخرێتەوە، هەڵبەت ئێستا کاردەکرێ کە شاندێک دروستبکرێ بۆ ئەوەی بچێتە بەغدا و گفتوگۆی پێوەست بە سەربەخۆیی کوردستان بکات، بۆیە پێویستە ھەموو لایەنەکان بەشداری بکەن بەتایبەت پێنج لایەنی سەرەکیی کوردستان، لەبەر ئەوەی ھەر لایەنێک لەوانە بەشداری نەکات و بە جیددی نەیەتە سەر خەت بۆ پرسی سەربەخۆیی کوردستان لە لایەن بەغداوە ئیستغلال دەکرێت و بەکار دەھێندرێت.
(بەھزاد زێباری) گوتیشی، هەموو لایەنێک ئەو راستییە دەزانێ کە پرسی سەربەخۆیی دەرفەتێکی زێڕینە بۆ کورد هاتووەتە پێش، ئێستا کە داعش لە عێراقدا ٧٠% کەمی کردووە، دوای نەمانی داعش هەریەکە و وەرەقەی سیاسیی خۆی دەبێ وەک دەبیننین کە سوننەکان ئێستا هاتوونەتە پێش و دەیانەوێ خۆیان بەهێز بکەنەوە، پێویستە ئێمەی کوردیش زیاتر هەوڵبدەین خۆمان بۆ قۆناخی داهاتوو بە تەواوەتی ئامادە بکەین، بۆیە پێویستە ئەمساڵ پرسی سەربەخۆیی لەدەست نەدەین.
ئاماژەیشی دا، پێویستە شاندێکی بەهێز دروستبکەین و بچینە بەغداو پرسی سەربەخۆیی تاوتوو بکەین.
بڵند ئیبراھیم




