لیوای عەرەبە پێشمەرگەکانی سنووری زوممار، ئەرکیان پێ دەسپێردرێ

زوممار-KDP.info- لیوای پێشمەرگە عەرەبەکانی سنووری رەبیعە و زوممار، سبەی سێشەممە وەجبەی یەکەمی ئەو ھێزە کە ژمارەیان ھەزار کەسە، مەشقەکانیان کۆتایی دێت و، ئەرکیان پاراستنی سنووری رۆژئاوای دیجلە دەبێت.
لیوایەکی پێشمەرگە بۆ عەرەبەکانی سنووری رەبیعە و زوممار کە ژمارەیان زیاتر لە دووھەزارو ١٠٠پێشمەرگەیە و سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، پێک هێندراوە و لەئێستادا وەجبەی یەکەمی ئەو لیوایە مەشقەکانیان کۆتایی دێ و،
لەوبارەوە (حەسەن خەلۆ) بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە زوممار، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، بڕیارە سبەی سێشەممە، وەجبەی یەکەم کە ژمارەیان ھەزار پێشمەرگەیە، کۆتایی بە مەشق و راھێنان دەھێنن کە ماوەی ٤٠ ڕۆژی خایاندووە.
(حەسەن خەلۆ) دەڵی، دوای ئەمان، وەجبەی دووەم دەست بە مەشق و راھێنان دەکەن.
بە گوتەی ئەو بەرپرسی پارتی لە ناوچەکە، ئەو ھێزەی دروست کراوە، ئەرکیان لە ناوچەکانی سنووری رۆژئاوای دیجلە دەبێت و ئەو ناوچانە دەپارێزن.
بڵند ئیبراھیم




