نێچیرڤان بارزانی: گه‌ر تێگه‌یشتنی هاووڵاتیان نه‌بوایه، هه‌رێم به‌رگه‌ی ئه‌و هه‌موو قه‌یرانانه‌ی نه‌ده‌گرت

هەولێر-KDP.info- سەرۆکوەزیرانی کوردستان لە رێورەسمی کردنەوەی شەقامی ١٢٠ مەتری هەولێر رایگەیاند، گه‌ر تێگه‌یشتنی هاووڵاتیان نه‌بوایه، هه‌رێمی كوردستان به‌رگه‌ی ئه‌و هه‌موو قه‌یرانانه‌ی نه‌ده‌گرت.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 5-2-2017 به به‌شداریی (نێچیرڤان بارزانی) سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، به ئاماده‌بوونی (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆکوەزیران و وه‌زیران و به‌رپرسانی باڵای حكوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و سه‌رۆك و ستافی كۆمپانیای جێبه‌جێكار و ژماره‌یه‌كی زۆری هاووڵاتیان، له ڕێوڕه‌سمێكدا شه‌قامی بازنه‌یی خێرای 120 مه‌تریی شاری هه‌ولێر كرایه‌وه.
له ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا دوای پێشكه‌شكردنی چه‌ند وتارێك، سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد و تیایدا وێڕای ئاماژەدان بە گرنگیی ئەو پڕۆژەیە لە ئاوەدانی و ئاسانکاری لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، ئەنجامدانی ئەو پڕۆژەیەی لەم کاتەدا کە کوردستان بە قەیرانێکی سەختی داراییدا تێدەپەڕێت بەگرنگ لەقەڵەمدا و ڕۆڵی ئەو خاوەن سەرمایانەی بەرز نرخاند کە سەرمایەی خۆیان لە وڵات‌دا دەخەنەگەڕ كه جێی شانازیی حکوومەت و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانن. سەرۆکوەزیران، پڕۆژەی شەقامی 120 مەتریی هەولێر کە بە قەرز لەسەر حکوومەت دروست کراوە و بەر لە وادەی خۆی تەواو بووە، بۆ ئەو بڕوا و متمانە و دڵسۆزییه‌ی خاوه‌نی کۆمپانیای جێبه‌جیكار به‌ڕێز خالد خۆشناو گەڕاندەوە کە بۆ ئاوەدانکردنەوەی کوردستان هەیبووە.
(نێچیرڤان بارزانی) لە بەشێکی دیکەی وتەکەیدا دووپاتی کردەوە کە بە بێ کەرتی تایبەت کە دینەمۆی سەرەکیی ئاوەدانکردنەوەی وڵاتە، هیچ وڵاتێک پێش ناکەوێت و بێ بەشداریی کاریگەری کەرتی تایبەتیش لە ئاوەدانکردنەوەی کوردستاندا، زۆر ئه‌سته‌مه هەرێمی کوردستان ئاوەدان بکرێتەوە و دەبێ ڕۆڵی خۆی بگێڕێت. لەم ڕووەوە بەڕێزیان جگە لە هێمن گروپ، ئاماژەی بە ژمارەیەک گروپ و کۆمپانیای دیكه کرد کە ڕۆڵیان هەبووە لە پێشکەوتنی وڵات، لەوانە، گروپی قەیوان، گروپی کار، گروپی فاروق و گروپی کۆڕەک.
سەبارەت بە پڕۆژەی شەقامی 120 مەتریی هەولێر، سەرۆکوەزیران باسی لە بەردەوامیی کارکردن لەو پڕۆژەیەدا کرد کە تەنانەت لەو ڕۆژانەش کە داعش تەنیا 30 کیلۆمەتر لە هەولێرەوە دوور بوو، ئەوان لە کار و ئەرکی خۆیان بەردەوام بوون. بەو بۆنەیەوە بەناوی خۆی و جێگری سەرۆک وەزیران و هەرێمی کوردستانەوە سوپاسی متمانەی بەرپرس و ئەندامانی گروپی هێمن و خاوه‌نه‌كه‌ی به‌ڕێز خالد خۆشناو کرد کە بووە هۆی سەرکەوتنی پڕۆژەکە و هەروەها سوپاسی به‌ڕێز ئەمیر عه‌بدولره‌حمان گه‌زنه‌یی ئەو ئەندازیارە کوردەی کرد کە لەڕووی هونەرییەوە سەرپەرشتیی پڕۆژەکەی کرد و بە مایەی شانازیی زانکۆی سەڵاحەدینی دانا کە کادیرێكی وای پێگەیاندووە.
له به‌شێكی یكه‌ی قسه‌كانیدا به‌ڕێزیان سوپاسی هەوڵ و ماندووبوونی خاتوو نەورۆز مەولود وەزیری ئێستای شارەوانی و گەشتوگوزار و هەروەها دوو وەزیری پێشووی ئەو وەزارەتە بەڕێزان سەمیر ئاکرەیی و دڵشاد شەهابی کرد بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە. هەروەها وێڕای ناردنی دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگەی پاراستنی کوردستان، سڵاوی خۆی بۆ پێشمەرگە قارەمانەكان نارد و ئەم ڕۆژەی بۆ ماندووبوون و خەبات و شەونخوونیی ئەوان لە سەنگەردا گەڕاندەوە. سوپاسی ده‌زگا ئه‌منییه‌كانیشی کرد كه شه‌و و ڕۆژ كار ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌من و ئاسایش له‌م هه‌رێمی كوردستان بپارێزن و هه‌موولایه‌ك به ئاسووده‌یی له‌م وڵاته‌دا بژین.
(نێچیرڤان بارزانی) له باسی ئه‌و قه‌یرانه‌ی ڕووبه‌ڕووی هه‌رێمی كوردستان بووه‌ته‌وه، ئاماژه‌ی به‌وه دا كه هه‌رێمی كوردستان سێ ساڵی زۆر سه‌ختی به‌ڕێكردووه هه‌ر له سه‌رەتای ساڵی 2014ه‌وه و ئه‌گه‌ر ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی خه‌ڵكی كوردستان نه‌بوایه، ئه‌سته‌م بوو حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رگه‌ی ئه‌و هه‌موو كێشانه بگرێت وه‌ك بڕینی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن به‌غداوه، شه‌ڕی داعش و هاتنی نزیکەی ملیۆنێك و هه‌شتسه‌د هه‌زار ئاواره و په‌نابه‌ر بۆ هه‌رێمی كوردستان و دابه‌زینی نرخی نه‌وت و هیوای خواست هەرێمی کوردستان لەمساڵدا بەرەو باشتر بڕوات.
جەختی لەوه‌ش کردەوە کە ناکرێت هه‌رێمی كوردستان تاهه‌تایه پشت به كه‌رتێك ببه‌ستێت و پێویسته پشت به كه‌رته جیاجیاكانی دیكه‌ش ببه‌سترێت. سه‌باره‌ت به پرۆسه‌ی چاكسازیش ئاشكرایكرد كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پرۆسه‌یه‌كی چاكسازیی زۆر باشی ده‌ستپێكردووه و له‌وانه‌یه ئێستا ئه‌نجامه‌كه‌ی ده‌رنه‌كه‌وێت، به‌ڵام دڵنیایی ئه‌وه‌ی دا كه له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا خه‌ڵكی كوردستان ئه‌نجامی ئه‌رێنی ئه‌وپرۆسه‌یه ده‌بینن.
لەکۆتایی وتارەکەیدا به‌ڕێز سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هیوای خواست هەمووان دەست لەناو دەست بەردەوام بن لە ئاوەدانکردنەوەی کوردستان و بەرەو ژیانێکی باشتر و بەختەوەرتر بۆ هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان كه شایسته‌ی هه‌موو ڕێز و پێزانینێكن.




