یەکگرتوو: زەوینەی سەربەخۆیی بۆ گفتوگۆ هاتووەتە ئاراوه.. گفتوگۆ لهگهڵ بهغدا گهرهنتی ههیه

هەولێر-KDP.info- (د.محەممەد ئەحمەد) یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەڵێ، سهركردایهتیی کوردستان توانیویەتی زەوینەی سەربەخۆیی لەگەڵ بەغدادا بۆ گفتوگۆ بڕەخسێنێ، بۆیە پێویستە کۆڵی لێ نەدرێ. هاوكات (ههندرێن محەممەد) ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعیی کوردستان دەڵێ، بەغدا لەوە تێدەگات هەرێمی کوردستان بەرەو سەربەخۆیی دەڕوات.
د.محەممەد ئەحمەد: کوردستان توانیویەتی زەوینەی سەربەخۆیی لەگەڵ بەغدا بۆ گفتوگۆ بڕەخسێنێ
دوای سەردانەکەی شاندی باڵای هاوپەیمانیی نیشتیمانیی عێراق، بە سەرۆکایەتیی (عەممار ئەلحەکیم) بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پرێسکۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەگهڵ شاندی هاوپهیمانیی نیشتیمانیدا ڕایگهیاند، ''گفتوگۆمان ڕاشكاوانه بوو، بڕیار درا دوو لیژنهی هاوبهش پێك بێن و گفتوگۆ لهگهڵ بهغدادا بكات.'' گوتیشی، ''باسی بابهتی سهربهخۆییمان كرد، ههڵبهت دهستپێكێكی باشه كه ئێمه بهبێ شهرم باسمان له پرسی جیابوونهوه و بڕیاردان له مافی چارهنووس كرد و، ئهوانیش پێچهوانهی پێشوو، به باشی گوێیان بۆ گرتین.''
پێوەست بەم پرسە، (د.محەممەد ئەحمەد) یاریدەدەری ئەمیندای گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: ''گرینگە ئێمە لەسەر مافەکانی خۆمان لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ بکەین، بگەینە رێککەوتن، ئەو شتەی لەگەڵ عێراق لەسەری رێکک دەکەوین نە گرفتی هەرێمیمان بۆ دروست دەبێت نە گرفتی نێودەوڵەتی، بەڵام ئەگەر هاتوو بەغدا رەزامەند نەبێت و خۆمان ئەمری واقع بکەین، ئەوا هەم گرفتی هەرێمی و هەم گرفتی نێودەوڵەتیمان بۆ دروست دەبێت''، دەشڵێ "رێگای گەیشتن و رێککەوتن لەگەڵ بەغدا، رێگایەکی دروست و سروشتییە، بۆیە ئەمە رێگایەکە گەرەنتی هەیە".
یاریدەدەری ئەمیندای گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ئاماژەیشی دا: "راستە دەبێت بەغدا لەوە تێبگات کە ئێمە چیمان دەوێت، ههڵبهت باوهڕ ناكهم ئەوان بەبێ ناوچە جێناکۆکەکان گرفتیان لەگەڵ سەربەخۆییی ههرێمدا هەبێت، خۆی گرفتی ئەوان لەسەر ئەو ناوچانەیە کە كێشهیان لەسەرە، چونکە ئەوان دەیانەوێت ئێمە بگەڕێینەوە بۆ نەخشە کۆنەکە، بۆیە گرینگە ئێمە ئەو شوێنانە لە رێگایەکی یاساییەوە بگەڕێنینەوە، ئەوکاتە ئەوانیش گرفتیان نابێت".
(د.محەممەد ئەحمەد) هاوكات جهخت دهكاتهوه، ''سهركردایهتیی کوردستان توانیویەتی زەوینەی سەربەخۆیی لەگەڵ بەغدا بۆ گفتوگۆ بڕەخسێنێ، بۆیە دەبێت کۆڵ نەدرێت و بەردەوام کاری لەسەر بکرێت، هەموو رێگایەکی دروست بگیرێتە بەر بۆ ئەوەی مل بە داواکاریی ئێمە بدات و، قسە لەسەر ئەوەیش هەیە شاندێکی کوردستان بچێتە بەغدا.''
ههندرێن محەممەد: بەغدا لەوە تێدەکات کوردستان بەرەو سەربەخۆیی دەڕوات
(ههندرێن ئەحمەد) ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعیی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: ''پرسی سەربەخۆیی نە پرۆژەیە نە کاردانەوەی سیاسییە، بهڵكو مافێکی گەلی کوردستانە، بەڵام پێویستی بە نەخشەرێگا هەیە و ئەم نەخشەرێگایەش پێوەستە بە یەکخستنەوەی نێوماڵی کوردستان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان، ئینجا پرسی سەربەخۆیی بەقەد ئەوەی دەوڵەتی کوردستانە دەوڵەتی کورد نییە، واتا دەبێت سەرجەم پێکهاتەکانی کوردستان بە یەکدەنگییەوە ئەو مافە بەدەست بهێنین.''
وهك (ههندرێن ئەحمەد) ئاماژەی دا، بەغدا لەوە تێدەکات کوردستان بەرەو سەربەخۆیی دەڕوات، بەڵام دەبێت لەگەڵ هەموو لایەنە عێراقییەکان قسە بکرێت، بەتایبەت لەگەڵ ئەوانەی کە دەست بە گوێیانەوە ناگرن.
کارزان سەباح هەورامی




