٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی: مەلاکەی کۆمەڵ هەمان قسەی داعشانی کردووە

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info-  بەڕێوبەری گشتیی بەڕێوبەرایەتیی ئەوقافی سلێمانی گوتی، لیژنەیەکیان بۆ لێپرسینەوە لە مەلاکەی سلێمانی پێک ھێناوە لەبارەی ئەو لێدوانەی لەسەر دینی زەردەشتییەکان داویەتی و رێکاری تووند لە بەرانبەری دەگرنە بەر و پێویستە داوای لێبوردن بکات. دەشڵێ، ''مەلاکەی کۆمەڵی ئیسلامی هەمان قسەی داعشانی کردووە.''

(فەریدوون حەسەن غەریب) بەڕێوبەری گشتیی بەڕێوبەرایەتیی ئەوقافی سلێمانی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت، "ئەو مەلایەی لە شاری سلێمانی لێدوانی لەبارەی دینی زەردەشتی داوە لیژنەیەکی لەسەر دروست کراوە و بانگھێشت دەکرێت و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت، پێویستە داوای لێبوردن بکات و رەنگە دواتر سزایش بدرێت.''

(فەریدوون حەسەن غەریب) گوتیشی، ''ئەو ماموستایەی ئاینی باسی لەوەکردووە ئەوەی دەبێتە زەردەشتی ئاگادار دەکرێتە لە ماوەی سێ رۆژ ئەگەر پەشیمان نەبێتەوه‌ دەکوژرێت، هه‌ڵبه‌ت داعشیش ھەمان ئەو قسەیە دەکات، بۆیە نابێت فه‌توای وا بدات و خوێنی مرۆڤ حەڵال بکات.''
بەڕێوبەری گشتیی بەڕێوبەرایەتیی ئەوقافی سلێمانی دەشڵێت، ''رێکاری تووند لە بەرانبەر ئەو مەلایە دەگرینە بەر، لە بەرانبەر ئەو قسانەی کە کردوونی و زەردەشتییەکانیش ئەمڕۆ سکاڵایان لەسەر تۆمار کردووە.''

(مەلاحەسیب) گوتارخوێن و پێشنوێژی مزگەوتی (مەلاڕەسووڵ) لە سلێمانی، کە ھاوکات کادیری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستانە، لە راپۆرتێکی (بی بی سی فارسی)دا، ئاماژەی بەوە کردبوو ئەو کەسانەی بوونەتە پێڕۆی ئایینی زەردەشت، دەبێت ٣ ڕۆژ مۆڵەتیان پێ بدرێت، ئەگەر گەڕانەوە سەر ئایینی ئیسلام ئەوا زۆر باشە، ئەگینا ئەگەر حوکمێکی شەرعی ھەبێت، ''دەبێت لەسێدارە بدرێن''. بەو ھۆیەشەوە ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ زەردەشتییەکان نیگەرانییان دەربڕی و لە دادگا سکاڵای یاساییان تۆمار كرد.

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار