٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

زەحمەتكێشان: بە هاوپەیمانیی نیشتیمانی گوترا، كورد خۆی بڕیار لە چارەنووسی خۆی دەدات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info-  ھاوسەرۆكی حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان دەڵێت، بەگوێرەی پڕۆژەكەی ھاوپەیمانیی نیشتیمانیی عێراقی بێ، هەرێمی كوردستان وابەستەی یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکرێ و بە بنەماکانی دەستووریش ناکۆکە. ئەندامێكی پێشووی پەرلەمانی عێراقیش بە گرینگی دەزانێ، لایەنەكانی ھەرێم بە ھەموو توانایانەوە پشتگیریی (سەرۆك بارزانی) بكەن، بۆ ئەوەی هەنگاوەکانی ھەرێمی كوردستان بۆ سەربەخۆیی، بە ئامانج بگات.

 

دوێنێ شەممە، شاندێکی هاوپەیمانیی نیشتمانیی عێراقی، بە سەرۆکایەتیی (عەممار ئەلحەکیم) پاش کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان(مەسعوود بارزانی)ـدا، لەگەڵ لایەنە ساسییەکانی هەرێمی کوردستاندا کۆ بوونەوە؛ تێیدا پڕۆژەیەکیان خستووەتە بە باسەوە.

پاش کۆبوونەوەکە و لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا (فازڵ میرانی) جه‌ختی كرده‌وه‌ ''ئێمه‌ هه‌موومان پێكه‌وه‌ و به‌ هاوبه‌شی عێراقمان دروست كرده‌وه‌، بۆیه‌ مافی ئه‌وه‌مان هه‌یه‌ بیر له‌ چاره‌نووسی خۆمان بكه‌ین و لێره‌ بمێنینه‌وه‌ یاخوود جیا ببینه‌وه‌.''

پێوەست بەم پرسە، (بەڵێن عەبدوڵڵا) ھاوسەرۆكی حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە كۆبوونەوەی دوێنێ لەگەڵ شاندی ھاوپەیمانیی نیشتیمانیدا، بە ئاشكرا رای خۆمان گوت و باسمان لەوە كرد، لە ماوەی 13ساڵی رابردوودا ھەرێم رێككەوتنی لەگەڵ بەغدا ھەبووە و ھیچ ئەنجامێكی نەبووە، ئێستایش رۆژانە ئێمە لێدوانی بەرپرسە باڵاكانی ئێوە دەبیستین کە شەقامی عێراقی دژی كورد ھان دەدەن."
بەگوێرەی زانیارییەکانی(بەڵێن عەبدوڵڵا)، لە پڕۆژەكەی ھاوپەیمانیی نیشتیمانیی عێراقدا ھاتووە، عێراق لەھەر دۆخێكدا بێت نابێت دابەش بكرێت كە ئەمەیش وا دەكات ھەرێمی كوردستان پابەندی ئەو بڕیارە بێت و، گوتی "ئێمەیش گوتمان لەگەڵ دابەشكردن نین، بەڵام دەكرێت تا كۆتایی، كورد لە داھاتووی خۆی دڵنیا نەبێت، ئایا بەپێی یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەكان كوردیش مافی بڕیاردان لە چارەنووسی خۆی نییە؟"، زیاتر ڕوونی کردەوە "بەگوێرەی پڕۆژەكەی هاوپەیمانیی نیشتیمانیی عێراقی، كورد ناچار كراوە پابەندی ئەوە بێت عێراق دابەش نەكرێت، بۆیە ئێمەیش باسمان لەوە كرد كە كوردیش پڕۆژەی خۆی ھەیە و خۆی بڕیار لە چارەنووسی خۆی دەدات".

ھاوسەرۆكی حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان جەخت دەکاتەوە لەوەی، پڕۆژەكەی ئەوان ھیچی بۆ كورد تێدا نییە جگە لەوەی هەرێمی کوردستان پابەندی جێبەجێكردنی ھەندێك بڕیار دەكەن.. ئەو پڕۆژەیە پێچەوانەی دەستووریشە، چونكە لە دەستووردا ھاتووە، كورد مافی خۆیەتی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات و ئێستا ئەوان دەیانەوێت دەستكاریی دەستووریش بكەن.

(بەڵێن عەبدوڵڵا) بە پێویستی دەزانێ ھەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لەسەر ئەو پڕۆژەیەی ئەوان كۆ ببنەوە و، پڕۆژەیەکی یەکگرتووی ھەبێت و ئەو پرسە بە شێوەیەكی راشكاوانە لەگەڵ بەغدا یەكلا بكرێتەوە، "پێویستە پڕۆژەمان ئەوە بێت گەلی كوردستان ئازاد بێت و لە رێگەی ریفراندۆمەوە بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، چونكە ئێمە دەمانەوێت ئەو پرسە بە گفتوگۆ لەگەڵ عێراقدا یەكلا بكەینەوە".
راشیگەیاند، ئەوان باسیان لەوە دەكرد جارێ كاتی سەربەخۆییی كوردستان نییە، بەڵام وەک (بەڵین عەبدوڵلا) دەڵێ "ئەمە بیانوویەكە و مافی ئەوان نییە ئەو باسە بكەن، بەڵكوو كورد خۆی دەزانێت كەی كاتی سەربەخۆییە، خۆ ئەگەر بڕوایان بە سەربەخۆییی كوردستان ھەبووایە، لە پڕۆژەكەی خۆیاندا باسیان دەكرد."

(بەڵین عەبدوڵلا) لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ئەگەر ئێستا ئەو پرسە لەگەڵ بەغدا یەكلا نەکرێتەوە، ئەوا دواتر كۆمەڵێك ھاوكێشە دێنە پێشەوە و دوای تەواوبوونی شەڕی داعش، ڕەنگە نەتوانرێ چارەیان بۆ بدۆزرێتەوە.

هاوكات چاودێری سیاسی و ئەندامی خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (د. حەمید باڤی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "مەلەفی سەربەخۆییی كوردستان (سەرۆك بارزانی) پێی ھەستاوە و توانیویەتی ھەنگاوی باش لەو بارەیەوە ببڕێت، بۆیە پێویستە لایەنەكانی ھەرێم بە ھەموو تواناوە پشتگیریی (سەرۆك بارزانی) بكەن، بۆ ئەوەی ھیچ بەربەستێك دروست نەبێت لە گەیاندنی ھەرێمی كوردستان بە سەربەخۆیی، چونكە ھەرێمی كوردستان لە ھەموو ڕوویەكەوە مەرجەكانی سەربەخۆبوونی تێدایە ".
باسی لەوەیش كرد، "لە ئێستادا ئەو پرسە گەییشتووەتە ئاستێك كە ھەرێمی كوردستان بە ئاشكرا داوای سەربەخۆیی دەكات، بەڵگەیش بۆ ئەوە، دوێنێ بینیمان چۆن لەگەڵ شاندی باڵای ھاوپەیمانیی نیشتیمانی ئەو پرسە بە راشكاوی گفتوگۆی لەسەر كرا، كەواتە پێویستە كاری جیددی لەوبارەیەوە بەردەوام بێ."

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار