نیعمەت عەبدوڵڵا: كوردستان ھەفتەی ئاشتەوایی سەرتاسەری ڕادەگەیێنێت

ھەولێر-KDP.info- سەرۆكی یەكێتیی پەرلەمانتارانی كوردستان دەڵێ: "ئەم چەند ڕۆژەی داھاتوو بە ڕۆژانی ئاشتەوایی ڕادەگەیێنین، چونكە كوردستان لەم كاتەدا زیاتر پێویستی بە ئاشتەوایی و پێكەوەبوون ھەیە، داوا لە میدیاكانیش دەكەین كەشێكی ئارام و پڕ لە ئاشتەوایی لە شاشەكانیانەوە بۆ كوردستانیان دروست بكەن".
بزاڤی ئاشتیی ناوخۆ و ئە نجوومەنی ئاشتەوایی ئەمڕۆ یەكشەممە سەعات (٤)ـی ئێوارە لە باڵاخانەی یەكێتیی پەرلەمانتارانی كوردستان ھەڵدەستی بە ڕاگەیاندنی ھەفتەی ئاشتەوایی سەرتاسەریی كوردستان. لە م كۆبوونەوەیەدا ئەنجوومەنی ئاشتەوایی ڕایدەگەیەنێت: "لە (٥-٢-٢٠١٧) تاكوو (١٢-٢-٢٠١٧) ھەموو كایەكانی كۆمەڵگەی كوردستان بە گشت نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان بەشداری لەم ھەفتەی ئاشتەواییەدا دەكەن، ھەر بۆ ئەم مەبەستەیش داوا لە سەرجەم كەناڵەكانی ڕاگەیاندن دەكەین بەشدار بن لە ھێنانەئارای كەشێكی ئارام و دروستكردنی دۆخیكی ئاشتیخوازانە بۆ ھاونیشتیمانیانی كوردستان".
پێوەست بەم پرسە، سەرۆكی یەكێتیی پەرلەمانتارانی كوردستان (نیعمەت عەبدوڵڵا)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە ئێستادا كوردستان لە ھەموو كاتێك زیاتر پێویستی بە ئاشتەوایی ھەیە كە ھەرێمی كوردستان لەو تەنگژە سیاسی و یاسایی قەیران و ئەو ئەگەرانەی ھەیە كە وا بەرەو كۆتایی شەڕی داعش دەڕۆین، ڕزگاری ببێت، بۆیە پێویستە خۆمان لە ناوخۆدا ڕێك بخەین و ڕیزەكانی خۆمان پتەو بكەین، لەبەر ئەوە ئەنجوومەنێكمان دروست كردووە بە ناوی ئەنجوومەنی ئاشتەوایی، كە پێشتریش چەندین كۆبوونەوەی ترمان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی پەروەردە و و هەروەها لە ھەموو شارەكانی كوردستان ئەنجام داوە بۆ مەبەستی ئاشتەوایی".
(عەبدوڵڵا) گوتیشی: "دوای ئەم كۆبوونەوەیە، ڕۆژێك بە ڕۆژی دەستپێكردنی ئاشتی وەك گوشارێكی جەماوەری ڕادەگەیێنین، بۆیە بەرپرسیارەتی لە سەرشانی ھەموو تاكێكی كوردستانە، كە باسی ئاشتی و ڕێككەوتن بكات، چونكە ئەم لێكترازان و دووركەوتنەوە و ڕێكنەكەوتنە زیان بە ئاییندەی ھەرێمی كوردستان دەگەیێنێت، بۆیە ھەوڵ دەدەین گوشار دروست بكەین بۆ ئاشتەوایی لە كوردستاندا".
فایزە كۆیی




