مەسروور بارزانی: بە زۆر کراوین بە عێراقی و بەوھۆیەشەوە سزا دراوین

هەولێر-KDP.info- (مەسروور بارزانی) راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، لەبارەی بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمەریکاوە بۆ راگرتنی پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عێراق رایگەیاند، "کورد باجی عێراقیبوون دەدات و ئێمه بە زۆر کراوین بە عێراقی و بەھۆی عێراقیبوونەوە سزا دراوین."
(مەسروور بارزانی) لەبارەی بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ راگرتنی پێدانی ڤیزا بە ھاووڵاتیانی عێراق و ٦ وڵاتی دیکەی زۆرینە موسڵمان.
وەک ئاماژەیەک بۆ ھەوڵ و ھەنگاوە بەردەوامەکان بۆ سەربەخۆییی کوردستان، (مەسروور بارزانی) پێیوایە، کورد بە مانەوەی لە عێراق سزا دراوە و ئەو ھێزەی زۆرترین قوربانی داوه لە شەڕی تیرۆر و، بە گوتەی بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا کورد کە نزیکترین ھاوپەیمانی ئەمەریکایە، باجی مانەوەی دەدات لە چوارچێوەی عێراقدا.
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان هەروەها بە رۆژنامەی ئەلیکترۆنیی بەزفیدی ئەمەریکایی راگەیاندووە: "پێشمەرگە تاکەھێزە شەڕی داعش دەکات و ھێشتا لە ھەمان سەنگەر شانبەشانی ئەمەریکا شەڕی ھەمان دوژمن دەکەین و، پێم وانییە شتێکی راست و دروست بێت دەوڵەتێک یان نەتەوەیەک باجی ھەڵەی چەند کەسێک بدات".
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش ھەر لەبارەی بریارەکەی سەرۆکی ئەمەریکاوە دەڵێ: "پێشمەرگە ھاوپەیمانی سەرەکیی ئەمەریکایە لە شەڕی دژ بە داعش، پێمان ناخۆشە کە خراوەتە چوارچێوەی بڕیاری سەرۆکی ئەمەریکا بۆ پێنەدانی ڤیزا".
(دۆناڵد ترامپ) سەرۆکی ئەمەریکا، ھەفتەی رابردوو بڕیاری رێگریکردن لە پێدانی ڤیزای بە ھاووڵاتیانی ٧ وڵاتی زۆرینە موسڵمان لەناویشیاندا عێراق دەرکرد.
لە کاتی بانگەشەی ھەڵبژاردنەکانیدا (دۆناڵد ترامپ) سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند، "ھێزی پێشمەرگە تاکەھێزە کە زۆر ئازایانە شەڕی داعش دەکات و داوا دەکات وڵاتەکەی ھاوکاری و پاڵپشتیی زیاتری کورد بکات"، گوتیشی: "ئێمە قەرزاری کوردین. چونکە له جیاتی ئێمە و ھەموو جیھانی ئازاد شەڕی تیرۆریستان دەکەن".
ھەرسەبارەت بە بڕیارەکە لە چەند رۆژی رابردوودا بەرپرسانی کۆشکی سپی رایانگەیاند، بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمەریکا "رۆژنامەنووسان و دیپلۆماتکاران و ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە لەگەڵ سوپای ئەمەریکادا کاریان کردووە".
لە کوردستان٢٤ وەرگیراوە




