هەڵەبجەییەكان گلەییان لە بەرپرسانی ئیداریی شارەكە هەیە.. بهشارهتی: پشتگیرییان دەكەین

هەڵەبجە-KDP.info- ئەمڕۆ (5-2-2017) دوو ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر واژۆكردنی بەپارێزگابوونی پارێزگای هەڵەبجە، بهڵام زۆربەی بەڕێوەبەرایەتییەكان و تەنانەت پۆستی پارێزگاری هەڵەبجەیش بە وەكالەت دەڕوات بەڕێوە، هەروەها ئەنجوومەنی پارێزگا پێك نەهێندراوە و زۆربەی خزمەتگوزارییەكان راگیراون، هاووڵاتیانیش بەرپرسانی ئیداریی شارەكەیان بە كەمتەرخەم دەزانن.
(سۆران هەڵەبجەیی) جێگری لێپرسراوی ئەنجوومەنی رێكخراوەكانی هەڵەبجە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەمڕۆ رێكخراوەكانی هەڵەبجە و سەرچەم جینوتوێژەكان لە دووەمین ساڵەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەدا خۆپێشاندانێكمان ئەنجام دا لە فولكەی عومەری خاوەرەوە تا بەردەم بینای پارێزگا، تا پێیان بڵێین چیدی هاووڵاتیان تەحەممولی ئەو هەموو كەموكوڕییەی بەرپرسانیان نەماوە كە بۆ سەرجەم خزمەتگوزاریەكان دەبێت ڕوو بكەینە پارێزگای سلێمانی".
(هەڵەبجەیی) گوتیشی: "هەر لە پۆستی پارێزگاری هەڵەبجەوە تاوەكو بەڕێوەبەرێك لەم شارە بە وەكالەت بەرێوە دەبرێت، بۆیە ئێمە حزبەكانی دەسەڵات لە ناوچەكە بە كەمتەرخەم دەزانین".
(فازڵ بەشارەتی) بەرپرسی لقی 12ـی پارتی، بۆ ماڵەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی دا: "ئێمە وەك پارتی سەد لە سەد پشتگیریی داواكاریی هاووڵاتیان دەكەین و لەسەر حەقن، بۆیە نەدەبوو كۆمەڵێك لایەن یاری بە چارەنووسی ئەم شارە بكەن".
(بەشارەتی) گوتیشی: "دۆخی ئێستای هەڵەبجە هۆكارەكەی داواكاریی حزبیی كۆمەڵێك لایەنە كە بەداخەوە دەبوو لە ئێستادا ئەنجوومەنی پارێزگا و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكان بەرپرسیان بۆ دابندرایە نەك هەرچی پۆستی ئەم پارێزگایە هەیە بە وەكالەت بەڕێوە ببرێت، كە ئەمەیش گەورەترین زیانی لە بووژانەوەی هەڵەبجە داوە".
بەرپرسی لقی 12ـی پارتی دهشڵێت، ئێمە وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان هەر شتێكمان پێ بكرێت بۆیانی دەكەین و خۆمان بە خزمەتكاری ئەم شارە دەزانین".
هێڤیار هەڵەبجەیی




