ئەحمەد تورك: هیوادارم پڕۆسەی ئاشتەوایی لە باکووری کوردستان دەست پێ بکاتەوە

هەولێر-KDP.info- (ئەحمەد تورك) سیاسەتمەداری دیاری كورد لە باكووری كوردستان ڕایگەیاند، ئەوان بەردەوام دەبن لەسەر خەباتی خۆیان و دەیانەوێت بە رێگەی ئاشتی و دیموكراتیانە كێشەی كورد چارە بكرێت و مافی كورد بە دەست بێنن. هیوایشی خواست پڕۆسەی ئاشتەوایی لە باکووری کوردستان دەست پێبکاتەوە و هەوڵەکانی (سەرۆك بارزانی) بۆ ئەو مەبەستە سەرکەوتوو بێت.
(ئەحمەد تورك) لەبارەی ھۆكاری دەستگیركردنی لەلایەن حكوومەتی توركیاوە بە كوردستان24ـی ڕاگەیاندووە: "ھۆكار ئەو سیاسەتەیە كە لە توركیا بەڕێوە دەچێت، لە ھەموو تەمەنی خۆمدا ھەوڵم داوە پرسی كورد بە رێگەی ئاشتیانە چارەسەر بكرێت، بەڵام توركیا ئەمە ناخوازێت".
ئەو ھاوسەرۆكە لەكار دوورخراوەی شارەوانی گەورەی مێردین دەشڵێ: "ئەو سیاسەتەی ئێستا لە توركیا پێڕۆ دەكرێت دیموكراسیەت نییە و كێشەی كورد بەرەو پێش نابات.. كورد و تورك ھەزاران ساڵە پێكەوە دەژین، ئێمە دەمانەوێت بە رێگەی دیموكراتیانە كێشەی كورد چارەسەر بكەین، بەردەوام دەبین لە خەباتی خۆمان".
(ئەحمەد تورك) گوتیشی: "ئێمە نامانەوێت دووبەرەكی و جیاكاری لەنێوان گەلان دروست بێت، دەمانەوێت بە رێگەی دیموكراتی و ئاشتیانە بەردەوام بین لە خەباتی خۆمان، پێش ھەموو شت ئاشتی و یەكگرتنی كوردان گرینگە".
لە بەشێكی دیكەی گوتەكانیدا گوتی: "هیوادارم پڕۆسەی ئاشتەوایی لە باکووری کوردستان دەست پێبکاتەوە و هەوڵەکانی (سەرۆك بارزانی) بۆ ئەو مەبەستە سەرکەوتوو بێت".




