٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"پەكەكە ڕێگری لە كردنەوەی هەندێك سنووری نێودەوڵەتی دەكات.. سەدان گوندیشیان داگیر كردووە"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، هەندێك سنووری نێودەوڵەتی هەن بڕیارە بكرێنەوە، بەڵام پەكەكە ڕێگرە لە كردنەوەیان، بە تایبەتی سنووری كێلەشین، بۆیە دەبیت پەكەكە لەو ناوچانە بكشێتەوە و بەرژەوەندیی خەڵكی هەرێمی كوردستانی لەبەرچاو بێت.

(نازم كەبیر)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "وەك لیژنەی ناوخۆ چەندین جار لەسەر كردنەوەی هەندێك سنووری نێودەوڵەتی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكاندا دانیشتووین، بە تایبەتی سنووری نێودەوڵەتیی كێلەشین كە دەكەوێتە سنووری سیدەكان، هەڵبەت ئەو سنوورە گرینگی خۆی هەیە بۆ هەر دوو وڵات. حكوومەتی هەرێم بە پێویستی دەزانێت كە ئەو مەرزانە بكرێنەوە، چونكە هەم بۆ خەڵكی ناوچەكە و هەم بۆ هەرێمی كوردستان باشە، بۆیە پێویستە هەر رێگرییەك هەبێت لاببرێت. ڕوونە کە پەكەكە ڕێگرە لە كردنەوەی ئەو سنوورە، بۆیە پێویستە پەكەكە لەو ناوچانە نەمێنێت و بەرژەوەندیی خەڵكی هەرێمی كوردستانی لە بەرچاو بێت، چونكە كردنەوە و بەنێودەوڵەتكردنی ئەو مەرزانە، گرینگییەكی زۆری بۆ كوردستان دەبێت".

جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ ڕوونی کردەوە: "بەپێی بەدواداچوونەكانی لیژنەی ناوخۆ، پەكەكە لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان بە سەدان گوندیان داگیر كردووە و، رێگە نادەن خەڵكی ئەو ناوچانە بچنەوە سەر ماڵەكانیان و گوندەكانیان ئاوەدان بكەنەوە، كە بوونەتە ئاستەنگ لە بەردەم ژیانی دانیشتووانی ئەو ناوچانەدا، زۆر جار گوندنشیان هەوڵیان داوە گوندەكان ئاوەدان بكەنەوە، بەڵام پەكەكە ڕێگر بووە، خەڵكەكە ناچار بووە گوندەكانیان چۆڵ بكەن و بۆ شوێنەكانی دیكە كۆچ بكەن".

ڕابین شێروانی

هەواڵی پەیوەندیدار