شرۆڤه‌كارێكی سیاسی: ئه‌مه‌ریكا ناوچه‌ی ئارام له سووریا ده‌پارێزرێت

هه‌ولێر-KDP.info- شرۆڤه‌كارێكی سیاسی پێی وایه، دروستكردنی ناوچه‌ی ئارام له سووریا له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ژموونی ئێرانه له ناوچه‌كه و ده‌شڵێ، كورد رۆڵی زۆر ده‌بێت له سووریا و، هاوشێوه‌ی هه‌رێمی كوردستان ناوچه‌یه‌كی دژه‌فڕین له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه پارێزگاری لێ ده‌كرێت.
(كارۆخ خۆشناو) شرۆڤه‌كاری سیاسی به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگه‌یاند "هه‌رله سه‌ره‌تای پڕۆپاگنده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، (دۆنالد ترهامپ) به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی به خه‌ڵكی ئه‌مه‌ریكا دا هه‌ژموونی ئێران له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كه‌م بكاته‌وه، چونكه ئێستا هه‌ژموونی زۆری هه‌یه به‌سه‌ر ئه‌و وڵاتانه‌ی شیعه‌مه‌زهه‌بی تێدایه، ئاماژه‌كان ڕوونن كه ئێران پایته‌ختی چوار وڵاتی به‌غدا، سه‌نعا، دیمه‌ش، به‌یرووتی به‌ده‌سته‌وه‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێ ئه‌و هه‌ژموونه له‌و ناوچانه كه‌م بكاته‌وه به‌تایبه‌تی له سووریا، بۆیه‌ش (ترامپ) ده‌یه‌وێ ناوچه‌یه‌كی ئارام له سووریا دورست بكات.''
به باوه‌ڕی ئه‌و شرۆڤه‌كاره، دروستكردنی ناوچه‌ی ئارام له سووریا دوو مه‌به‌ستی هه‌یه، یه‌كێك له‌وان ده‌رهێنانیان له‌ژێر كاریگه‌رییه‌كانی ئێران، دووه‌میش بۆ له‌خۆگرتنی ئه‌و ئاوارانه‌ی روو له ئه‌ورووپا ده‌كه‌ن؛ پێشتریش پلانێك هه‌بوو له سه‌رده‌می (ئۆباما) كۆچبه‌ری سووریا وه‌رنه‌گیرێت له لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه، هه‌موو ئه‌و خه‌ڵكه‌ی سه‌رگه‌ردان ده‌بن له‌و ناوچه ئارامه‌ی بڕیاره دروست بكرێت بحه‌وێنه‌وه، ئاواره‌كان له‌نێو سووریادا بپارێزرێن.
(كارۆخ خۆشناو) ده‌ڵێ، ''ئه‌مه‌ریكا خۆی پاراستنی ناوچه ئارامه‌كه‌ی سووریا ده‌گرێته ئه‌ستو، چ به‌شێوه‌ی راسته‌وخۆ بێت یان نا راسته‌وخۆ بێت، بێگومان هه‌بوونی ناوچه‌یه‌كی ئارام بۆ كورد سوودی زۆری هه‌یه و به‌شێك له‌و ناوچه ئارامه ده‌درێته هێزه كوردییه‌كان، ته‌نیا كات و شوێنه‌كه‌ی جیاوازه، ئه‌گه‌رنا ناوچه ئارامه‌كه‌ی سووریا وه‌ك هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت كاتێك ناوچه دژه‌فڕین دامه‌زرا، ئه‌وه‌ی سووریا له‌وه جیاوازه تایبه‌ت نابێت به كورد به‌ڵكه هه‌موو پێكهاته‌كان ده‌گرێته‌وه.''
قائید میرۆ




