وەزیری گەشەپێدان و ئابووریی ئەڵمانیا: لە دڵەوە زۆر سوپاستان دەکەین بۆ ئەوەی لێرە لایەنگری سەقامگیری و مرۆڤایەتین

ههولێر-KDP.info- دوای کۆبوونەوەى نێوانیان، (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزیری گەشەپێدان و ئابووریی ئەڵمانیا لێدوانى ڕۆژانهوانییان دا و، وهڵامى چهند پرسیارێكى ڕۆژنامهوانییان دایهوه. تێیدا (گێت مولەر) گوتی: "لە دڵەوە زۆر سوپاستان دەکەین بۆ ئەوەی لێرە لایەنگری سەقامگیری و مرۆڤایەتین و لە دڵەوە کار دەکەن و خەڵکی وەردەگرن، بۆیە دەمانەوێ لە داهاتوویشدا پشتیوانتان بین."
لهو كۆنفڕانسه ڕۆژنامهوانییهدا كه ئهم ئێوارهیه ساز درا، سهرهتا سەرۆکوەزیران وێڕای بەخێرهێنانی وەزیری گەشەپێدان و ئابووریی ئەڵمانیا بۆ هەرێمی کوردستان، گوتی: "ئێمە لە دیدارەکەدا بە شێوەیەکی گشتی سوپاسی ئەڵمانیا بە گشتی و بەتایبەتی جەنابی وەزیرمان کرد کە بە شێوەیەکی ڕێکوپێک دەنگی هەرێمی کوردستانی گەیاندووەتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە هەموو کۆنفرانسەکاندا. سوپاسی ئەو هاوکارییە مرۆییەشمان کرد کە تا ئێستا پێشکەش کراون، چ بۆ ئەو ئاوارانەی ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، چ بۆ مەسەلەی سەقامگیری لە ناوچەی مووسڵ و هاوکاریکردنی پێشمەرگە لەڕووی سەربازییەوە، هەروەها باسی چۆنیەتیی پەرەپێدانی ئەو هاوکارییانەمان لە داهاتوودا کرد."

سەبارەت بە درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی ڕاهێنەرانی سەربازیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان، (نێچیرڤان بارزانی) سوپاسی پەرلەمانی ئەڵمانیا و خاتوو (کلۆدیا ڕۆس)ی جێگرى سهرۆكى پهرلهمانى ئهڵمانیاى کرد بۆ درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی هێزەکانیان لە کوردستان و عێراق و، ئەوەی بە یارمەتییەکی زۆر گەورە دانا بۆ هەرێمی کوردستان. هەروەها گوتی؛ "سوپاسی (GIZ)مان کرد بۆ هەموو ئەو هاوکارییانەی لە هەرێمی کوردستان کردوویانە، کارێکی زۆر گەورەیە و جێی پێزانین و سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و گەلی کوردستانە."
هاوكات (گێت مۆلەر) وەزیری گەشەپێدان و ئابووریی ئەڵمانیایش گوتی: "جەنابی سەرۆکی حکوومەت، ئێمە سوپاسی ئێوە و گەلی کوردستان دەکەین، لەکاتێکدا لە ڕەوشێکی وا ناخۆشدا ساڵی ڕابردوو یەک ملیۆن و هەشتسەد هەزار ئاوارەی دەستی داعش و پهنابهرانى سووریاتان لەخۆ گرتووە، ئەمەش کارێکی زۆر گەورەی مرۆییە و لەوانەیە بوونی ئەو ژمارەیە لە ئاوارە لە بەرامبەر پێنج ملیۆن خەڵکی ناوچەکە لە ئەڵمانیا تەسەور نەکرێت، بەڵام ئێمە هاتووین بۆ ئەوەی پشتیوانیتان بکەین، یەکێتیی ئەورووپاش بە هەمان شێوە دەبێ یارمەتیی هەرێمی کوردستان بدات و هەریمی کوردستان لەوبارەیەوە تەنیا نییە."
سەبارەت به ڕەوشی ئاوارەکانی مووسڵیش ئاماژەی بەوە کرد کە "لەوانەیە سەدانهەزار ئاوارەی دیکەی مووسڵ ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکەن، بۆیە لە کۆبوونەوەی چەند هەفتەی داهاتووی یەکێتیی ئەورووپا لە برۆکسل، دەبێ یەکێتیی ئەورووپا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی یارمەتیی هەرێمی کوردستان بدەن بۆ زاڵبوون بەسەر قەیرانی ئاوارەکاندا، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێ ڕێخۆشکەر بن بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان و هەماهەنگیی نێوانمان بەردەوام دەبێت لەو بارەیەوە."
ههروهها وەک دووپاتکردنەوەی پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان، وەزیری گەشەپێدان و ئابووریی ئەڵمانیا گوتی: "لە دڵەوە زۆر سوپاستان دەکەین بۆ ئەوەی لێرە لایەنگری سەقامگیری و مرۆڤایەتین و لە دڵەوە کار دەکەن و خەڵکی وەردەگرن، بۆیە دەمانەوێ لە داهاتوویشدا پشتیوانتان بین."
سەبارەت بە هەڵوێستی ئەڵمانیا دەربارەی کۆچبەرانی بیانی لەو وڵاتە، (نێچیرڤان بارزانی) گوتی: "لە ڕووی مرۆییهوه پێمان وایە کارێکی زۆر گرینگە ئهوهى ئەڵمانیا بۆ ئەو پەنابەر و خەڵکە لێقەوماوانە دەیکات کە ڕوو لە وڵاتەکەیان دەکەن، بەڵام ئەوەی گرینگە یارمەتیدانی هەرێمی کوردستانه بۆ ئەوەی ڕێگە بگیرێت لە چوونەدەرەوەی خەڵک و بوونیان بە پەنابەر لە وڵاتان."

(نێچیرڤان بارزانی) هەروەها لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هەڵوێستی لەسەر ڕاپۆرتێكى ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ دەربارەی بوونی چهند حاڵهتێكى ئەشکەنجە گوتی: "جەنابی وەزیر ئەو بابەتەی لەگەڵ من باس کرد و منیش جهختم لەوە کردەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک پرەنسیپ دەیەوێ دڵنیا بێت کە هیچ ئەشکەنجە و كێشهیهك لەوبارەیەوە ڕوو نەدات. من ڕهتى ئەوە ناکەمهوه، لەوانەیە هەندێ تاك حاڵەت ڕووی دابێت، من دڵنیاییم دا بە جەنابی وەزیر کە لەسەر ئەو حاڵەتانە ڕادەوەستین و بە هیچ شێوەیەک ئەوە سیاسەتی سیستماتیکی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵام دەبێ ئەوەشمان لەبیر بێت کە ئەولەوییەتی ئێمە مەسەلەی ئاسایشى ئەم وڵاتەیە، هەندێجار لهوانهیه حاڵەتی وا ڕوو بدات، بەڵام جەنابی وەزیرم دڵنیا کردەوە کە بەرنامەیەکی سیستماتیک نییە و بە جیددی لەسەری ڕادەوەستین بۆ چارەکردنی، دواتریش لە ڕێی بهڕێز کۆنسووڵەوە، ئاگاداری بەڕێزیان دەکەینەوە."





