رێکس تیلەرسن وەک وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەستنیشان کرا

واشنتن-KDP.info- بە زۆرینەی دەنگی سیناتۆرەکان، کۆنگرێسی ئەمەریکا بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پێشووی کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل، (رێکس تیلەرسن)ـی وەک وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پەسەند کرد.
پرۆسەی دەنگدانی کۆنگرێسی ئەمەریکا لەسەر پاڵێوراوی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، بە کۆی ٥٦ دەنگی بەڵێ بەرانبەر ٤٣ دەنگی نەخێر پەسەند کرا.
پۆستی وەزیری دەرەوە لە کابینەی(ترامپ)ـدا یەکێکە لە پۆستە ھەرە گرینگەکان و (تیلەرسن) کە پێشتر هیچ پۆستێکی سیاسیی نەبووە، بەھۆی بوونی پەیوەندیی نزیکی لەگەڵ رووسیا، ماوەیەکی دوورودرێژە مشتومڕی لە لایەن رای گشتیی ئەمەریکا دروست کردووە. ناوبراو بە ئاکتۆرێکی گرینگی وزەی جیھان دەناسرێت.
(تیلەرسن) لەبەردەم کۆنگرێسی وڵاتەکەیدا گوتبووی، ڕۆژئاوا حەقی ئەوەی هەیە دوودڵ بێ لە ڕووسیا، بەڵام ڕەتی کردبووەوە کە (ڤلادیمێر پووتین) تاوانباری جەنگ بێ.
(تیلەرسن)ـی ٦٤ساڵ، دوای ئەوەی لە لایەن (دۆناڵد ترەمپ)ـەوە وەک پاڵێوراوی وەزیری دەرەوە دەستنیشان کرا، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە کۆمپانیای "ئێکسۆن مۆبیل" راگەیاندبوو.




