جگە لە پارەی ھاندان، بڕێكی دیكەی پارە دەدرێتە مامۆستایان

ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان دەڵێ، كۆمپانیایەكی ئەڵمانیایی بڕیاری داوە كە ھاوكاریی مامۆستایانی دەرەوەی شار بكات و، ھەموو مامۆستایانیش دەگرێتەوە. گوتیشی، پارەكە ئامادەیە و ھەندێك كاری ھونەری ماوە تەواو بكرێن و دواتر دابەش دەكرێت.
(ئەحمەد گەرمیانی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "جگە لە پارەی ھاندان كە حكوومەت بڕی ١٠٠ھەزار بۆ مامۆستایانی ناو شار و ١٥٠ ھەزار دیناری بۆ مامۆستایانی دەرەوەی شار خەرج دەكات، كۆمپانیای (GIZ)یش كە ئەڵمانیاییە، بڕیاری داوە برێك پارە بداتە ئەو مامۆستایانەی كە لە دەرەوەی شار بە دووریی ٢٠كم دەوام دەكەن و، لەئێستادا پارەكە ئامادەیە و چاوەڕێی ئەوە دەكەن لیستی ناوی مامۆستایان و ھەندێك كاری ھونەری ماوە تەواو بن و ھەركاتێك ئەوانە تەواو بن، دەست بە دابەشكردنی دەكرێت".
(گەرمیانی) گوتیشی، ئەو بڕەپارەیە ھەموو مامۆستایانی كوردستان دەگرێتەوە، بەڵام سەرەتا لە دھۆك دابەش دەكرێت، چونكە ئەوان زووتر كارەكانی خۆیان تەواو كردووە كە شەش ھەزار و ٢٠٠ مامۆستا ئەو بڕەپارەیە دەیانگرێتەوە.
جێگری سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان راشیگەیاند، پارەكەیش بەپێی دووریی شوێنەكان بەسەر مامۆستایاندا دابەش دەكرێت كە لە ٥ بۆ ١٠٠ دۆلارە.
ئاماژەیشی دا، پارەكەی ھاندانیش لە ١/١٢ـی ساڵی رابردووەوە بۆ مامۆستایان ھەژمار دەكرێت و لە ئێستادا كاری لەسەر كراوە و پارەكەیش گواستراوەتەوە، لەسەر ئەوە ماوە وەزارەتی دارایی كەی دابەشی دەكات.
بڵند ئیبراھیم




