سعوود مەلا: سەرۆک بارزانی داوا دەکات یەکڕیز و یەکگرتوو بین

رۆژئاوای کوردستان-KDP.info- سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان سووریا دەڵێت، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی دەربڕیووە بۆ ئەوەی لە توانایدا بێت ھاوکاریی بۆ رۆژئاوای کوردستان پێشکەش بکات و، داوایشی کرد کورد یەکگرتوو بن و ئەوەی ئێستایش دەگوزەرێت بە پیلانێک دژی کوردی ھەژمار کرد.
(سعوود مەلا) سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان سووریا بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "ئێمە لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان (مەسعوود بارزانی) کۆ بووینەوە و گفتوگۆ لەبارەی دۆخی عێراق و ئایندەی عێراق و رۆژئاوای کوردستان کرا و، (سەرۆک بارزانی) باسی لەوەکرد ئەو ناکۆکیانەی لە رۆژئاوای کوردستان ھەیە، کارێکی خراپە و پلانێکە دژی کورد دەگێڕدرێت و خزمەت بە دۆزی کورد لە سووریا ناکات؛ ئەوەی راستە یەکگرتنی کورد لە رۆژئاوای کوردستان، بۆیە داوای کرد بەو ئاراستەیە کار بکەین بۆ یەکریزی."
(سعوود مەلا) ئاماژە بە داوایان لە سەرۆکی هەرـ کوردستان بۆ پشتوانیکردن لێیان گوتی، "(سەرۆک بارزانی) ھەموو پشتگیریی خۆی بۆ رۆژئاوای کوردستان راگەیاند و گوتی ئەوەی لە توانایدا بێت بۆ رۆژئاوای کوردستان دەیکات، (بارزانی) جەختی کردەوە کە ھەرچیی پێویستە و داوای بکەن من ئامادەم بۆ گەلی رۆژئاوای کوردستان بەپێی توانا جێبەجێی بکەم."
دەربارەی کۆنفڕانس و کۆبوونەوە نێودەڵەتییەکان پێوەست بە قەیرانی سووریا، سکرتێری پارتیی دیموکراتی کوردستان سووریا گوتی، "ئێمە وەکو ئەنەکەسە لە کۆبوونەوەی جنێف ٣ بەشداری دەکەین و پڕۆژەی خۆیشمان دەبێت بۆ ئەو کۆنگرەیە، هەڵبەت ھەر کۆبوونەوەیەک لەھەر شوێنێک لەبارەی چارەنووسی سووریاوە ھەبێت، ئێمە بەشداری دەکەین و رۆڵی خۆیشمان دەبێت."
سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان سووریا بێئەوەی ڕۆژ و کاتی گەڕانەوەی پێشمەرگەی ڕۆژ دیاری بکات، رایگەیاند، "بەردەوام کار دەکەین بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا پێشمەرگەی رۆژ بگەڕێنەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان، ئێمە دەمانەوێت بگەڕێینەوە بۆ ئەوەی بەرگری لە خاک و خەڵکی رۆژئاوای کورستان بکەین و، ئێمە بەھیچ شێوەیەک لەگەڵ گرژی و دروستکردنی قەیران و تێکدانی نێوماڵی کورد نین، کارکردنیشمان هەر لەو چوارچێوەیەدا دەبێ."
بڵند ئیبراھیم




