٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئیبراهیم برۆ: گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان، هیوا و ئومێدی بە پڕۆژەی نەتەوەییی سەرۆک بارزانی هەیە

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا (ئەنەكەسە)، له‌باره‌ى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆیان له‌گه‌ڵ (سه‌رۆك بارزانى)دا دەڵێ، گەلی کورد لە سووریادا هیوا و ئومێدی بە پڕۆژەی نەتەوەییی (سەرۆک بارزانی) هەیە کە سەربەخۆییی کوردستانە و، لە کۆبوونەوەکەیشدا (سەرۆک بارزانی) وەک هەمیشە پشتگیری و هاریکاریی خۆی بۆ گەلی کورد لە رۆژئاوا دووپات کردەوە.

ئه‌مڕۆ سێشەممە 31ـی 1ـی 2017، لە سەڵاحەددین، (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە سەرۆكی ئەنجوومەنی كوردی سووریا و سكرتێر و نوێنەرانی پارتە سیاسییەكانی نێو ئەنجوومەنی كوردی سووریا كرد.

(ئیبراهیم برۆ) سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا (ئەنەكەسە)، بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتی‌ دیموكراتی كوردستانی گوت، "ئەمڕۆ لە کۆبوونەماندا لەگەڵ (سەرۆک بارزانی) ئەو ناخۆشی و ئاستانگانەی لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکە هەیە کە گەلان پێیدا تێپەڕ دەبن باسمان کرد و، دواتریش باسی ئەو کارانەمان کرد کە بۆ رەوشی سووریا لە جیهاندا دەکرێ بەتایبەت کۆبوونەوەی ئەو دواییەی ئاستانا و کۆبوونەوەی دابێ لە جنێف.''

گوتیشی، ''هەر لە کۆبوونەوەکەدا باسی ئەو رەوشە سیاسییەمان کرد کە ئێمە وەک ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریادا کاری لەسەر دەکەین و، پشتگیریی خۆیشمان بۆ هەڵوێستی نەتەوەییی (سەرۆک بارزانی) دووپات کردەوە، کە لە سووریادا گەلی کورد هیوا و و ئومێدی بە پڕۆژەی نەتەوەییی (سەرۆک بارزانی) هەیە کە سەربەخۆیی کوردستانە.''

(ئیبراهیم برۆ) ئاماژەیشی دا، ''لە کۆبوونەوەکەدا (سەرۆک بارزانی) بە بینینی ئێمە خۆشحاڵ بوو، (سەرۆک بارزانی) بەشێوەیەکی بەرفراوان باسی لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش کرد و رەوشی هەرێمی کوردستانی بۆ روون کردینەوە کە تەواوی خاکی کوردستان ئێستا لەژێر دەستی پێشمەرگەدایە، هەروەها باسی لەوەش کرد کە چۆن بتوانین یەکگرتوو بین و دەستکەوتەکان بپارێزین بۆ سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان.''

(ئیبراهیم برۆ) روونی کردەوە کە، (سەرۆک بارزانی) وەک هەمیشە پشتگیری و هاریکاری خۆی بۆ گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان و ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا دووپات کردەوە و، هەروەها پشتگیریشی بۆ پێشمەرگەی رۆژ دەربڕی کە رۆژ دوای رۆژ بەهێزتر دەبن و ژمارەیان لە زیادبووندایە.

نه‌شوان به‌رزنجى

 

هەواڵی پەیوەندیدار