بڕیاره‌که‌ی (ترامپ)، ڕێی نه‌دا ڤیان ده‌خیل بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵات بچێتە ئه‌مه‌ریکا

هه‌ولێر-KDP.info- (ڤیان ده‌خیل) کوردی ئێزدی و ئه‌ندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، وا بڕیار بوو بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی لانتۆسی مافی مرۆڤ سه‌ردانی ئه‌مه‌ریکا بکات، كه‌چی به‌هۆی بڕیاره‌که‌ی (دۆناڵد ترامپ)ه‌وه به ڕاگرتنی ڤیزای ئه‌مه‌ریکا، سەردانەکەی ناکرێت.
خه‌ڵاتی لانتۆس له‌سه‌ر ناوی دواڕزگاربووی کاره‌ساتی هۆلۆکۆست (تۆم لانتۆس) ناو نراوه و سه‌رۆکی ده‌زگای لانتۆس به توندی ناڕه‌زایی ده‌ربڕێ به‌وه‌ی به هۆی ئه‌و بڕیاره‌وه ئه‌و په‌رله‌مانتاره ڕێگری لێ کراوە که له ساڵی 2014دا به فرمێسکه‌کانی دنیای له جینۆسایدکردنی ئێزدییه‌کان له لایه‌ن گرووپی تیرۆریستی داعشه‌وه ئاگادار کرده‌وه.
واشنتۆن پۆست، لە زاری (کاترینا لانتۆس سوت)، کچی (تۆم لانتۆس) و سه‌رۆکی دهزگاکەوە بڵاوی کردەوە کە "ئه‌م بڕیاره ئاکامی نه‌ویستراوی هه‌یه و ئه‌م قه‌ده‌غه‌یه که (ڤیان ده‌خیل)یش بگرێته‌وه ده‌ریده‌خات که ئه‌و بڕیاره ته‌نیا ئامانجی تیرۆریستان نییە".




