ئیدریس بارزانی ڕۆڵی كاریگەری لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورددا هەبوو

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، (ئیدریس بارزانی) ڕۆڵێكی كاریگەری لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كورددا هەبووە، هەروەها ڕۆڵێكی یەكجار گەورەیشی هەبوو لە دامەزراندنی بەرەی كوردستانیدا.
(ئیدریس بارزانی) كوڕی (مەلا مستەفا بارزانی) لە ساڵی 1944لە گوندی بارزان لەدایك بووە. لەنێو هەلومەرجی شۆڕشی سێیەمی بارزان هاتووەتە دنیاوه. له ساڵی 1947 (مەلا مستەفا بارزانی)ی باوكی كه لەگەڵ 500 كەس لە هەڤاڵانی روویان كردە یەكێتیی سۆڤیێتی پێشوو، دوای رووخانی كۆماری كوردستان لە مەهاباد، (ئیدریس بارزانی) ئەوكات تەمەنی 3 ساڵ بووه، لەگەڵ بنەماڵەكەیاندا لەلایەن رژێمی ئەوكاتی عێراق بۆ ماوەی 11 ساڵ بۆ باشووری عێراق دوور دەخرێنەوە و لە شارەكانی بەسرە، بەغدا و مووسڵ لە دەستبەسەریدا دەبن. ئیدریس تاوەكو گەڕانەوەی بارزانی باوكی بۆ عێراق و كوردستان لە 1958دا لە بەغدا درێژە بە خوێندن دەدات پاشان دەگەڕێتەوە بۆ كوردستان.
ئەو هاوڕێ و پێشمەرگانەی لە (ئیدریس بارزانی)یەوە نزیك بوون، باس لە خەسڵەتی جەماوەریبوونی ئەو دەكەن و دەڵێن، (ئیدریس بارزانی) قەت خۆی لە پێشمەرگەكان جیا نەدەكردەوە و بە سادەیی ژیاوە و زۆرجار لەگەڵ پێشمەرگەدا لە ئەشكەوت و بنبەردەكانی چیاكانی كوردستاندا رۆژی كردووەتەوە.
لە ساڵی 1961 كە شۆڕشی ئەیلوول بەرپا دەبێت، (ئیدریس بارزانی) رۆڵێكی زۆری دەبێت بەتایبەت لە شەڕی هەندرێندا، كە دواتر گفتوگۆكانی نێوان شۆڕشی كوردستان و حكوومەتی عێراقی بەدوادا هات و گەیشتە رێككەوتننامەی 11ی ئاداری 1970، لە دوای ساڵی 1975 لە هەڵگیرساندنەوەی شۆڕش و پێكهێنانی بەرەی نیشتمانیی عێراق جود و دواتر ئاشتبوونەوەی نیشتمانی و ئاشتبوونەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، رۆڵی باڵای هەبووە، ههربۆیه به ئەندازیاری ئاشتەوایی نیشتمانی ناسراوه.
(ئهكرهم ساڵح) لهبارهی ئهو سهركرده خاكییهوه دهڵێ، ''تەمەن دەرفەتی نەدا زیاتر خزمەتی گهلهكهی بكات، ههڵبهت ئەوەندەی كە ژیا، خزمەتێكی زۆری بە گەل و نیشتمان و بە پرۆسەی كوردایەتی و پارتی كردووە، بۆیە پێویستە رێز لەو رۆژە بگیرێت و بە بەرزی ڕابگیرێ".
ئهو ئەندامهی سەركردایەتیی پارتی دهڵێ: "(ئیدریس بارزانی) یەكێك بوو لە سەركردە هەر دیارەكانی بزووتنەوەی سیاسیی كوردایەتی لە كوردستان، كە ڕۆڵێكی كاریگەری هەبووە لە بەڕێوەبردنی پارتی و خزمەتكردنی ئاوارەكان لە كاتی ئاوارەبوون و دەربەدەریدا لە وڵاتی ئێران. هەموو ئەوانە وادەكات كە ساڵانە ئەو یادە بكرێتەوە و ڕێزی لێ بگیرێت و سوود لە ئەزموون و خەبات و ماندووبوونی هەڵوێستەكانی (ئیدریس بارزانی) وەربگیرێت، چونكە ڕۆڵێكی یەكجار گەورەی هەبوو لە دامەزراندنی بەرەی كوردستانیدا، ئهو ئەندازیاری ئاشتی و دامەزرێنەری بەرەی كوردستانییە، كە ئەو بەرەیەیش بووە هۆكاری سەرهەڵدانی ڕاپەڕین و بنیاتنانی دامەزراوەكانی دیكە".
سهعات6ی سەرلەبەیانیی رۆژی 31ی مانگی 1ی 1987 لە گوندی سلیڤانای سەر بە شاری ورمێی رۆژهەڵاتی كوردستان، (ئیدریس بارزانی) ماڵئاوایی دەكات و لە گۆڕستانی شاری شنۆ لە تەنیشت باوكی دەنێژرێت. دوای ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاری گواستنەوەی تەرمی (مەلا مستەفا بارزانی) و (ئیدریس بارزانی) دا و لە رۆژانی 6 تاوەكو 8/10/1993 لە رێورەسمێكی تایبەتدا تەرمی هەردووكیان، لەنێو پێشوازییەكی یهكجار بهرز و گهورهی خەڵكی كوردستاندا، گەیێندرانە گوندی بارزان و لەوێ نێژران.
ڕابین شێروانی




