بریمۆ: بەم زووانە سوپای "ڕۆژ" دەچێتە رۆژئاوای كوردستان.. گۆڕانكاریی روو دەدات

رۆژئاوای كوردستان-KDP.info- بەرپرسێكی ئەنەكەسە نهێنییەكی گەورە ئاشكرا دەكات لەبارەی رۆژئاوای كوردستان و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، بەم زووانە پێشمەرگەكانی رۆژئاوای كوردستان لە هەرێمی كوردستانەوە دەربازی خاكی سووریا دەبن. دەشڵێ، گۆڕانكاریی گەورە لە رەوشی سووریا و رۆژئاوای كوردستاندا روو دەدات.
(نووری بریمۆ)، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "سوپای رۆژ بۆ ئەوە دامەزراوە تا بەرگری لە خاك و ئاڵای كوردستان بكات و لە ئاییندەیەكی زۆر نزیكدا پێشمەرگەكانی رۆژئاوای كوردستان كە لە چوارچێوەی لەشكری رۆژدا رێك خراون، دەربازی نێو خاكی رۆژئاوای كوردستان دەبن و دەگەڕێنەوە ئەوێ".
لەبارەی ئەوەی ئایا پەیەدە قبووڵ دەكات بە گەڕانەوەی سوپای رۆژ بۆ نێو رۆژئاوای كوردستان، بەرپرسەكەی ئەنەكەسە دەڵێ: "ئێمەش قبووڵی ناكەین، بەڵام ئاشكرایە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا رووداوگەلێك هەن و گۆڕانكاری بەڕێوەن، دەبێت وەك خۆی خوێندنەوە بۆ رووداوەكان بكەین، ئەوەتا ئیدارەی نوێی ئەمەریكا رایگەیاندووە لەماوەی 120 رۆژدا نابێت هیچ هاووڵاتییەكی سووریایی و یەمەنی و عێراقی و لوبنانی بچێتە ئەمەریكا".
(بریمۆ) ئەوەیشی ئاشكرا كرد: "لەو ماوەیەی ئەمەریكا دیاری كردووە شتێكی گرینگ هەیە بۆچی ماوەكەی 120 رۆژ دانراوە، بۆچی نەیانگوتووە سێ مانگی تر یان دوو مانگی تر، ئەو گۆڕانكاریانەی دەكرێن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سووریا و رۆژئاوای كوردستانیش دەگرێتەوە، مەبەستم رەوشی سووریا دەگۆڕێت و دەرفەت دێتە پێش بۆ ئەوەی سوپای رۆژ بگەڕێتەوە رۆژئاوای كوردستان".
قائید میرۆ




