چاودێرێكی سیاسی: عەرەبەكانیش وەكو كورد ڕەخنەیان لە حەشدی شەعبی هەیە

مووسڵ-KDP.info- چاودێرێكی سیاسی پێی وایە، تەنیا كورد نییە ڕەخنەی لە حەشدی شەعبی هەبێت، بەڵكوو لەلایەن عەرەبەكانیشەوە بە هەمان شێوە رەخنەیان لێ دەگیرێت و، حەشدی شەعبییان بە ڕفاندنی خەڵك لە بەغدا تۆمەتبار كردووە و، رێگایش بە گەڕانەوەی عەرەبەكانی ئاوارەی سەڵاحەددین نادەن بگەڕێنەوە.
(عەبدولغەنی عەلی بۆتانی)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "تەنیا كورد نییە ڕەخنەی لە حەشدی شەعبی هەبێت، بۆ نموونە بەر لە چەند رۆژێك بینیمان پەلاماری سەنگەرێكی هێزی پێشمەرگەی دا لە ناوچەی شنگال، بەر لەو رووداوەیش پێنج جاری تر پەلاماری دابوون، بۆیە گومان لەوەدا نییە حەشدی شەعبی نەك هەر لەلایەن كوردەوە گلەیی لێ دەكرێت، بەڵكوو لەلایەن عەرەبەكانیشەوە بە هەمان شێوەیە، ئەمڕۆیش هێزە سونییەكان لە بەغدا حەشدی شەعبیان بەوە تۆمەتبار كردووە كە دەستیان لە ڕفاندنی خەڵك لە بەغدا هەیە و، رێگایش بە ئاوارەكانی پارێزگای سەڵاحەددین نادەن بگەڕێنەوە، جگە لەمەیش پێش ماوەیەك گەلێك لە ئەندامانی حەشدی شەعبی ڕەوانەی دادگا كران بۆ لێكۆڵینەوە لەبەر ئەوەی خەڵكیان چەوساندبووەوە و ئەزیەتی هاووڵاتیانیان دابوو".
(بۆتانی) گوتیشی: "ئەمڕۆ ئەوەی حەشدی شەعبی دەیكات، هەر ئەوەیشی لێ چاوەڕوانكراو بوو، چونكە لە عێراق نزیكەی (56) گرووپی حەشدی شەعبی هەن، بۆیە ئەستەمە ئەو 56 گرووپە رێك بخەی و بەسەریاندا زاڵ بی، هەر لەبەر ئەوەیشە كە پەلاماری هەموو لایەك دەدەن، بۆ نموونە دوێنێ ژمارەیەك لە هێزەكانی حەشدی شەعبی لە كەربەلا پەلاماری ناحییەیەكی سوننەی سەر بە پارێزگای ئەنباریان داوە، بۆیە پێویستە حكوومەتی عێراق رێكیان بخات، ئەگەر نا زیان بە عێراق و میللەتی كوردیش دەگەیەنن".
ئەو هەروەها ئاماژەی بەوەیش كرد: "سەبارەت بە ڕاكێشانی هەندێك لە شەبەكەكان لەلایەن حەشدی شەعبییەوە، دیارە خۆی شەبەكەكان دوو رەوتن، ڕەوتی سوننە كە لەسەدا 95 لەگەڵ كوردانن و پارتین، بەڵام ئەوانەی شیعەن بەداخەوە هەندێكیان سەر بە بەغدان بێ ئەوەی لێكی بدەنەوە ئەو ناوچەیەی تێیدا دەژین نزیكەی 500 كم لە بەغداوە دوورە و زۆریش زیان دەكەن ئەگەر لەگەڵ كورد نەبن، چونكە لە بەشێكی كوردستان دەژین و دەبێت لەگەڵ میللەتی خۆیان بن".
نەشوان بەرزنجی




