پەرلەمانتارێكی كورد، داوای پاراستنی گۆڕێكی بەكۆمەڵ لە دیوانییە دەكات

بەغدا-KDP.info- ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ: "ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانییە بەنیازە گۆڕێكی بەكۆمەڵی كورد تێك بدات، بەڵام داواكارییەكم ئاڕاستەی سەرۆكوەزیران كردووە بۆ ئەوەی رێگە بەو كارە نەدات".
(ئەشواق جاف)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "گۆڕێك لە دیوانییە ھەیە كاتی خۆی خەڵكی كورد كە بردراون بۆ ئەوێ، بە ھۆی ھەتاو و برسیبوونەوە گیانیان لە دەست داوە و نەیانتوانیوە خۆیان رابگرن، لە ئێستایشدا گۆڕستانێكە لەو ناوچەیە، بەڵام ئەنجوومەنی پارێزگا بەنیازە ئەو گۆڕستانە لابدات، بۆیە ئێمە وەكو كورد نامانەوێت لاببرێت، چونكە ئەمە بەڵگەیە لەسەر وەحشیەتی رژێمی بەعسی لەناوچوو".
(جاف) گوتیشی: "داواكارییەكم ئاڕاستەی سەرۆكوەزیرانی عێراق (حەیدەر عەبادی) كردووە كە داوا لە ئەنجوومەنی پارێزگا بكات ئەم گۆڕەبەكۆمەڵە بپارێزن و تێكی نەدەن".
بڵند ئیبراھیم




