ئەنجوومەنی نەینەوا، دەمانەوێت حەشدی شەعبی لە سنووری پلانەكە دابن.. دەرچوونیان قبووڵ ناكەین

مووسڵ-KDP.info- سەرۆكی لیستی برایەتی و پێكەوەژیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، دەڵێت: "پێشتر وەكو ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا داوامان كردبوو حەشدی شەعبی بەشداری لە ئازادكردنی مووسڵدا نەكات، ئێستایش كە بەشدار بوونە، دەمانەوێت لە سنووری پلانەكە دابن و دەرچوونیان بەو شێوەیە قبووڵ ناكەین".
(سەیدۆ چەتۆ)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "وەكو ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بەر لە دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ بە زۆرینە بڕیارمان دا كە حەشدی شەعبی بەشدار نەبێ لە رزگاركردنی مووسڵدا، بەڵام دواتر هەماهەنگی كرا و حەشدی شەعبی و هێزەكانی تریش لە پلانەكەدا شوێنی تایبەتی خۆیان بۆ دانرا، وەلێ مخابن زۆر ڕووداو لەلایەن حەشدی شەعبییەوە ڕوویان دا كە هەستان بە بۆردوومانكردنی سەنگەری هێزەكانی پێشمەرگە، هەرچەندە داوای لێبووردنیان كردووە و لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەیان پێك هێناوە، ئێمەیش دەمانەوێت لە سنووری پلانەكەدا بن و دەرچوونیان بەو شێوەیە نایەتە قەبووڵكردن جارێكی تر".
(چەتۆ) گوتیشی: "ئێمە دەبینین تەنیا ئەو ناوچانەی هێزەكانی پێشمەرگە ئازادی كردوون، دەیانپارێزێت، بەڵام دوای ئازادكردنی دەشتی نەینەوا و لای چەپی شار، دەبینم كێشە دروست دەبێت و هەماهەنگی نییە لە نێوان هێزەكاندا، لە لایەك حەشدی شەعبیە و لەلایەك هێزەكانی دژەتیرۆرە و سوپایە، هەروەها لەلایەكی ترەوە حەشدی سەر بە (ئەسیل نوجێفی)ـیە".
نەشوان بەرزنجی




