پەرلەمانی عێراق کاندیدی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆی پەسەند کرد

بەغدا-KDP.info- لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا کاندیدی وەزارەتی ناوخۆ و بەرگریی پەسەند کران و کاندیدەکانی دیکەی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانیش رەتکرانەوە.
(خۆشەوی خەلیل) ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق کاندیدی بۆ ھەر چوار وەزارەتی بەرگری، ناوخۆ، بازرگانی و پیشەسازی، پێشکەشی پەرلەمان کرد و ھەر یەکە لە کاندیدەکانی وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ پەسەند کران و کاندیدی ھەردوو وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیش رەتکرانەوە.
ئاماژەیشی دا، زۆرینەی کوردەکان دەنگیان بە کاندیدەکانی وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ دا، بەڵام ھەردوو کاندیدەکەی دیکە دەنگێکی کەمیان ھێنا، لەبەر ئەوە ناسراو نەبوون و زانیاریان لەبارەوە نەبوو.
جێگەی ئاماژەیە، سەرۆکوەزیرانی عێراق، هەریەک لە (قاسم ئەعرەجی) بۆ وەزیری ناوخۆ و (عیرفان حەیالی) بۆ وەزیری بەرگری و (ئینعام روبێعی) بۆ وەزیری بازرگانی و (نەجمەدین موحسینی) بۆ وەزیری پیشەسازی پێشکەشی پەرلەمان کردبوو.
بڵند ئیبراھیم




