٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

جانۆ: لە هەوڵداین ناوی عێراق لە لیستەکە دەربێنن؛ بڕیارەکەی ترەمپ زیانی بۆ عێراق و ئەمەریکا هەیە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-  نوێنەری کورد لە پەرلەمانی عێراق (رێناس جانۆ) دەڵێ، بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمەریکا پێوەست بە پیدانی ڤیزا بە هاووڵاتیانی عێراق زیانی بۆ عێراق و ئەمەریکا هەیە و لە هەوڵدان کە ناوی عێراق لەو لیستە دەربێنن.

دوای ئەوەی کە سەرۆکی ئەمەریکا (دۆناڵد ترەمپ) پێوەست بە حەوت وڵات (عێراق، ئێران، لیبیا، سۆماڵ، سودان، سووریا و یەمەن) بڕیاری دا کە هاووڵاتیانیان تا ٩٠ رۆژ نابێ سەردانی ئەمەریکا بکەن و پێدانی ڤیزای ئەمەریکایی لێ قەدەخە کردن، بە پشتبەستن بەو بڕیارە کۆنسووڵخانەی گشتیی ئەمەریکایش لە هەولێر ئاگادارینامەیەکی راگەیاند کە پێدانی ڤیزا لەسەر بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ وادەیەک نادیار دەوەستێ.

پێوەست بەم پرسە، نوێنەری کورد لە پەرلەمانی عێراق (ڕیناس جانۆ) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''عێراق بۆ کاردانەوەی بڕیارەکەی (ترەمپ) هەڵوێستێکی یەکگرتووی نییە، حکوومەت جەختی کردووە کە دەبێ بەهێواشی مامەڵە لەگەڵ ئەو بڕیارە بکرێ و لیژنەی پێوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراقیش راگەیاندراوێکیان داوە کە دەبێ مامەڵەی باش لەگەڵ حکوومەتی ئەمەریکا بکرێ، کەچی ئەو بڕیارەی ئەمەریکا داویەتی، زیانی زۆری بۆ عێراق دەبێ.''

گوتیشی، ''ئەگەربێت و حکوومەتی عێراقیش هاوشێوەی ئەمەریکا کاردانەوەی هەبێ لە رێگرتن لە سەردانی هاووڵاتیانی ئەمەریکا بۆ عێراق ئەمەشیان زیانی بۆ ئەمەریکا و پێوەندی نێوان هەردوو لا دەبێ، چونکە رێکخراوەی گەورەی تیرۆریستی لە ناوچەکەدا هەیە و زیانی بۆ ئاسایشی ناوچەکە دەبێ.''

پێوەست بە هەرێمی کوردستانیش دەڵێ، لەبەر ئەوەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان خاوەنی رەگەزنامەی عێراقین بۆیە بڕیارەکە بۆ هەرێمی کوردستانیش هەمان شتە.

ئاماژەیشی دا، لە هەوڵدان کە ناوی عێراق لەو لیستە دەربهێنن، چونکە زیانی بۆ بەرژەوەندیی عێراق و ئەمەریکا هەیە.

فایزە کۆیی
 

هەواڵی پەیوەندیدار