شاخەوان عەبدوڵڵا: حەشدی شەعبی دهڵێت ئهنجامی لێكۆڵینهوه به پێشمەرگە دهدهینهوه

بەغدا -KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، چاوەڕوانی لێكۆڵینەوەی حەشدی شەعبین سەبارەت بەوەی بەرانبەر پێشمەرگەیان كردووە، ئەگینا ھێزی پێشمەرگەی كوردستان بێوەڵام نابێت و لە ھیچ ھێزێك قبووڵ ناكات زێدەڕۆیی بەرانبەر بكات.
(شاخەوان عەبدوڵڵا)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دوای بیستنی ھەواڵی زێدەڕۆیی حەشدی شەعبی بەرانبەر ھێزی پێشمەرگە، پێوەندیم بە گوتەبێژی حەشدی شەعبییەوە كرد و پێم ڕاگەیاندن، كە ھەندێك كەس ھەلەكەیان قۆستووەتەوە و ئەو ڕووداوەیان خوڵقاندووە، بۆیە وەك ئەندامێكی ئەمنی، داوام كرد ھەرچی زووە لێكۆڵینەوەكان تەواو بكەن و بە فەرمی داوای لێبووردن بكرێـت دەربارەی ئەو كارەی ھێزی حەشدی شەعبی بەرانبەر پێشمەرگەی كوردستانی كردووە، هەروەها بابەتەكەیش بە تەواوی بۆ خەڵك ڕوون بكەنەوە نەوەك تێپەڕێنرێـت، چونكە پێشمەرگە بێوەڵام نابێـت ئەگەر بزانێت ئەو بابەتە بە دەستی ئەنقەست بەرانبەری كراوە، هەروەها لە حاڵەتی دووبارەبوونەوەیدا دەبێـت حیسابی ئەوە بكەن كە پێشمەرگە ھیچ كردەوەیەكی بەو جۆرە قبووڵ ناكات".
وهك (شاخهوان عەبدوڵڵا) گوتی، لە وەڵامدا گوتەبێژی حەشدی شەعبی (ئەحمەد ئەسەدی) گوتوویهتی، پێشمەرگە وەك ھێزێكی قارەمان تەماشای دەكرێت، بۆیە ئەوەی كراوە ھەڵەی شەخسێكە نەك ھێزی حەشدی شەعبی و بابەتێكی بە ئەنقەست نەبووە، بهڵێنیشی داوه ئهنجامی لێكۆڵینەوەكان بۆ ھێزی پێشمەرگەی كوردستان روون دەكەنەوە.
ئهو ئەندامه كوردهی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەشڵێت: "ههڵبهت ئێمە چاوەڕێی لێكۆڵینەوەكانی ئەوانین و، ئەوانیش باش تێگەییشتوون لە سیاسەتی پێشمەرگە كە ھیچ ھەڕەشەیەك قبووڵ ناكات نە لە حەشدی شەعبی نە لە ھیچ ھێزێكی تر، ئەگەر ھێزەكە ھێزێكی نێودەوڵەتییش بێت نەك ھەر ھێزێكی ئاسایی كە لە چەند ھەزار نەفەرێك پێپەڕ نابێـت، گرینگە وەڵامی ھەموو ھێزێكی ناحەزان و دوژمنان بەرانبەر ھەرێمی كوردستان بدرێـتەوە".
فایزە كۆیی




