بە هۆی خاوێنكردنەوەی دیوی ئێرانەوە، جموجۆڵی بازرگانی لە سنووری حاجی ئۆمەران وەستاوە

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری شارەدێی حاجی ئۆمەران رایگەیاند، لە سنوورەكەیاندا جموجۆڵی گەشتیاری هەیە، بەڵام جموجۆڵی بازرگانی وەستاوە، تیمەكانیش هەوڵی خاوێنكردنەوەی ڕێگاكان دەدەن، لەگەڵ ئەوەیشدا لە هەوڵی ئەوەدان لە دیوی ئێران ڕێگاكان خاوێن بكرێنەوە، بۆ ئەوەی جموجۆڵی بازرگانی دەست پێ بكاتەوە.
(مەغدید عەریف) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لە سنووری حاجی ئۆمەران نزیكەی 50 سم بەفر باریوە، ئێستا كەشوهەوا خۆش بووە و بەفر نابارێت، بەڵام لە زۆر شوێن ڕێگا تووشی بەستەڵەك بووە، ئەوەیش وای كردووە كە جموجۆڵی بازرگانی نەبێت، تەنیا جموجۆڵی گەشتیاری هەیە، لەگەڵ ئەوەیشدا دەوامی قوتابخانە بنەڕەتییەكان نییە".
(عەریف) گوتیشی: "بۆ خاوێنكردنەوەی ڕێگاوبانەكان تیمەكانی بەفر ڕاماڵین دەستیان بە خاوێنكردنەوەی ڕێگاكان كردووە و خوێ بە ڕێگاوبانەكاندا دەكەن، بۆ ئەوەی هاتوچۆ دەست پێ بكاتەوە و گرفتی هاتوچۆ نەبێت، لەگەڵ ئەوەیشدا لە هەوڵداین كە ئێران دیوی خۆی خاوێن بكاتەوە بۆ ئەوەی جموجۆڵی بازرگانییش دەست پێ بكاتەوە، كە ئێستا بارهەڵگرێكی زۆر چاوەڕوانی كردنەوەی ڕێگاكاكەن".
لە لایەكی دیكەوە، بە گوتەی بەرپرسانی شارۆچكەی مێرگەسۆر، نزیكەی 60 سم بەفر و لە سیدەكان 50 سم بەفر باریوە، تیمەكانیش لە هەوڵی خاوێنكردنەوەی ڕێگاوبانەكاندان بۆ ئەوەی گرفتی هاتوچۆ دروست نەبێت.
ڕابین شێروانی




