٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هەڵگورد حیکمەت: هۆشداریمان داوە بە حەشدی شەعبی

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێ، چەندین جارە ئاگری تۆپەكانی حەشدی شەعبی بەرەو رووی سەنگەرەكانی پێشمەرگەیە و حكوومەتی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەو رەفتارانەی حەشدی شەعبی ئاگادار دەكەینەوە.دەشڵێ، ئەو هێزەی حەشدی شەعبی پێشتر بەناوی حەشدی وەتەنی دامەزراوە ئەگەرنا رێگە نادەین بێنە سنوورەكە.

عەمید ( هەڵگورد حیكمەت) بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەمە بۆ جاری چەندەمینە لیوای ٣٠ی حەشدی شەعبی سەنگەرەكانی پێشمەرگە بوردۆمان دەكات، فەرماندەی لیواكە ناوی (وەعد قەدۆ)ـیە برای (حەنین قەدۆی) پەرلەمانتاری عێراقە، ئەمانە پێشتر سەربە هێزەكانی حەشدی وەتەنی بوونە و لەهەرێمی كوردستانیش هەبوون، بەڵام دواتر چوونەتە ریزی حەشدی شەعبی ئەویش دوای بڕیاری پەرلەمانی عێراق کە بەیاسایی بکرێن، ئەو لیوایەی حەشدی شەعبی پێشینەیان هەیە كێشەیان بۆ خەڵكی سڤیل و رێكخراوە مرۆیی و خێرخوازیەكان دروستكردووە، بەتایبەتی بۆ دەزگای خێرخوازی بارزانی، خەڵكی ناوچەكە بە گشتیی دڵگرانن بەو هەڵوێستانەی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە ناوچەكە و بوونەتە هۆی دروستكردنی پشێوی.

بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەیشی دا، "ئێمە هۆشداریمان داوەتە هێزەكەی حەشدی شەعبی، تا سەركردەكانی حەشدی شەعبی ئاگاداربن لەو هەڵسوكەوتانەی هێزەكانیان و سنوورێك بۆ هێزەكانیان دابنێن، هیچ هێزێكی حەشدی شەعبی نەیتوانی بێتە ئەو سنوورەی پێشمەرگەی لێیە، بەڵام وەك پێشتر ئاماژەم بۆكرد ئەو هێزەی كێشەی ناوەتەوە پێشتر وەك هێزێكی حەشدی وەتەنی دامەزراوە لە ناوچەكە تا بەشداری لە ئازادكردنی قەزای تەلەعفەردا بكەن، بەوهۆیەوە نزیك بوونەتەوە لە سەنگەرەكانی هێزەكانی پێشمەرگە لە رۆژهەڵاتی شنگال، لەو نزیكیەوە هەندێ هەڵوێستی خراپیان هەبووە.

(هەڵگورد حیكمەت) دەشڵێ، "هەندێك جار هێزەكەی حەشدی شەعبی لە رۆژهەڵاتی شنگال ئاگری چەك و تۆپەكانیان بەرەو سەنگەرەكانی پێشمەرگەیە، لە دووبارە بوونەوەیدا وەڵامان دەبێت،  پێش ئەوەی هەر شتێك رووبدات ئەوا هۆشداریمان داوە بە حەشدی شەعبی، راگەیاندراوی فەرمیشمان دەبێت لە وەزارەت، حكوومەتی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و خودی حەشدی شەعبی لە ئاستی باڵا ئاگادار دەكەینەوە لەو رەفتارانەی هێزەكانی حەشدی شەعبی کە لە سنوورەكە دەیکەن.

قائید میرۆ

 

 

 


 

هەواڵی پەیوەندیدار