قایمقامی شنگال: ئەو شاندهی چووەتە ئێران، به پیلانی مالیكییه و نوێنهرایهتیی ئێزدیان ناكات
__2016_12_15_h15m6s58__HK.jpg)
شنگال-KDP.info- قایمقامی شنگال دەڵێت، ئەو شاندهی له چهند كهسێكی ئێزدی پێك هاتووه و چوونەتە ئێران بە ھیچ شێوهیهك نوێنەرایەتیی خەڵکی شنگال ناکەن، بەڵکو چوونەتە ئەو وڵاتە بۆ ئەوەی سازش بۆ ئەوە بکەن شنگال نەبێتە پارێزگا و لە جیاتی ئەو تەلەعفەر ببێتە پارێزگا.
(مەحما خەلیل) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ئەو کەسانەی چوونەتە وڵاتی ئێران بە ناوی ئیزدییەکانهوه، بەھیچ شێوەیەک نوێنەرایەتیی ئێمە ناکەن، چونکە ئەمانە چوونەتە ئێران بۆ بەرهژوەندیی ئابووری و تایبەتی خۆیانه و، بۆ بەرژهوەندیی گشتی و شنگالییهكان نییه.''
(خەلیل) دهڵێ: "کاتی ئەوە ھاتووە شنگال ببێتە پارێزگا لەبەر ئەوەی حکوومەتی عێراق ھەوڵ دەدات لەجیاتی شنگال تەلەعفەر بکاتە پارێزگا، ئەوکەسانەشی چوونەتە ئێران دووکەسیان ھەر خەڵکی شنگال نین و خەڵکی دەرەوەی شنگالن، جا بۆیه ئەمانە نوێنەرایەتیی شنگالییەکان ناکەن، بهڵكه پیلانی (مالیکی) و حکوومەتی عێراق جێبەجێ دەکەن.''
(مەحما خەلیل) ئاماژهی دا، نوێنەرانی کوردانی ئێزدی دیارن کە مەرجعەکان و کەسایەتی و پێشمەرگەکانی ئێزدی و ئیدارە و ئەنجوومەنی قەزای شنگالە، دهشڵێ ''چوونی ئهمانه بۆ ئێران لەبەر ئەوەیە کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ھەوڵێک ھەیە شنگال ببێتە سمبول و پارێزگا، بەڵام ئەمانە ڕێ له بهپارێزگابوونی بگرن و لەجیاتی ئەوە تەلەعفەر ببێتە پارێزگا.''
بڵند ئیبراھیم




